ده‌ستپێشخه‌ریی توركیا بۆ ئاشتی له‌سه‌ر داوای بارزانییه
مانگی رابردوو مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتی ره‌سمیی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌ركۆماری توركیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و له ئاستێكی باڵادا پێشوازیی لێ كرا، بارزانی له توركیا رای گه‌یاند: ”گۆڕانكاریی گه‌وره به‌ڕێوه‌یه و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی توركیا باسیان له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی له توركیادا كردووه، به‌ڵام له‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا هه‌ندێ رووداوی ناخۆش روویان داوه كه بوونه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌و پرسه“، به‌دوای ئه‌وه‌شدا حكوومه‌تی توركیا ده‌رگای ئیمرالیی له‌به‌رده‌م خانه‌واده‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كرده‌وه، محه‌مه‌د ئۆجه‌لان برای عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی PKK له ئیمرالی سه‌ردانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی كرد، ئۆجه‌لان له په‌یامێكیدا كه له رێگه‌ی براكه‌یه‌وه بڵاو كرایه‌وه، داوای كرد دۆخه‌كه بۆ سه‌رده‌می ئاشتی بگه‌ڕێته‌وه و حكوومه‌تی توركیا ده‌ستپێشخه‌ری بكات.
به‌پێی زانیارییه رۆژنامه‌وانییه‌كانی توركیاش دیداری ئۆجه‌لان، له‌سه‌ر داوای مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بووه، هه‌روه‌ها بارزانی، قه‌ناعه‌تی به حكوومه‌تی توركیا هێناوه، ده‌ست به پرۆسه‌ی ئاشتی بكرێته‌وه و واش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌نگاوی دیكه‌ش بۆ ئه‌و پرسه ده‌ربكه‌ون.
لای خۆشیانه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له دۆخی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) بۆ (باس) ئاشكرای كرد، كه په‌كه‌كه یه‌ك را و بڕیاری بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئاشتی نییه، به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه له‌ناوخۆدا ترسیان له یه‌كتری هه‌یه، كه وه‌كو پێشتر پابه‌ند نه‌بن به پرۆسه‌كه و لێره و له‌وێ، به چالاكیی سه‌ربازی، كۆسپ بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی و دانوستان دروست بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه روونیشی كرده‌وه كه په‌كه‌كه چه‌ند باڵێكه، باڵی ئه‌وروپا، باڵی توركیا كه هه‌ده‌په‌یه له‌گه‌ڵ ئاشتیدایه و باڵی قه‌ومییه‌كان كه (موراد قه‌ره‌یلان) سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات پابه‌نده به په‌یامی ئۆجه‌لان، به‌ڵام هه‌ردوو باڵی چه‌پی توندڕۆ (دوران كاڵكان) و باڵی عه‌له‌وییه‌كان كه (جه‌میل بایك) سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات، له‌ژێر كاریگه‌ریی ئێراندایه و ئه‌وانه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی شه‌ڕِدان و ئاشتی له به‌رژه‌وه‌ندییاندا نییه.
خه‌ڵه‌ف غه‌فوور، چاودێری سیاسی و شاره‌زا له كاروباری توركیا بۆ (باس) رای گه‌یاند، چوونی برای عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بۆ ئیمرالی و بینینی ئۆجه‌لان و په‌یامی ئۆجه‌لان بۆ ئاشتی و كه‌مبوونه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له باكووری كوردستان له‌دوای ئه‌و په‌یامه تا راده‌یه‌ك، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
گوتیشی: "هه‌موو كات زه‌مینه هه‌یه بۆ ئاشتی ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی شه‌ڕكه‌ر بیانه‌وێ، له دوا په‌یامدا عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ئه‌وه‌ی گوتووه كه قۆناغی یه‌كه‌می ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ئاشتی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته، هه‌روه‌ها بانگه‌وازی ئه‌وه‌شی كردووه كه ئاشتی ده‌ست پێ بكاته‌وه".
ئه‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م ئه‌و پڕۆسه‌یه ئه‌وه‌یه كه له‌ناو هه‌ردوو لایه‌نی ئاكپارتی و په‌كه‌كه‌دا باڵی شه‌ڕخواز هه‌یه و نایانه‌وێ پڕۆسه‌كه به‌ره‌و پێشه‌وه بچێ، گوتی: "له‌ناو په‌كه‌كه‌دا باڵێك هه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندیی له شه‌ڕدایه، له‌ناو ئاكپارتیش كه‌سانێك هه‌ن له‌مپه‌رن له‌به‌رده‌م ئاشتی و ده‌یانه‌وێ شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وانه ئاشتی له به‌رژه‌وه‌ندییاندا نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرینه له‌گه‌ڵ ئاشتیدان و ئومێد هه‌یه ده‌ستپێشخه‌ریی زیاتر رابگه‌یه‌نرێ".
ئه‌و چاودێره سیاسییه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، سه‌ركردایه‌تیی كورد له باشووری كوردستان، بارزانی و تاڵه‌بانی له رابردوو، رۆڵی ئه‌رێنیان هه‌بووه بۆ ئاشتی له توركیا و بارزانی تا ئێستا له‌و رۆڵه‌یدا به‌رده‌وامه، گوتی: "به‌هۆی په‌یوه‌ندیی باشی هه‌رێمی كوردستان و بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان، ئه‌وه وای كردووه رۆڵی سه‌ركردایه‌تیی كورد له كوردستانی باشوور له پرسی ئاشتی له توركیا ئه‌رێنی بێ و كاریگه‌رییشی هه‌بێ، ئاشتییش له توركیا له به‌رژه‌وه‌ندیی كورددایه".
هاوكات چاودێری سیاسی مه‌هدی حاجی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی KDPی راگه‌یاندووه: "بارزانی خاوه‌نی پڕۆسه‌ی ئاشتییه له باكوور و ئێستاش ده‌رفه‌تێكی باش بۆ كورد ره‌خساوه و پێویسته یه‌كگرتوو و یه‌كهه‌ڵوێست بن و ئه‌و ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست خۆیان نه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌موكوڕییه‌كیش هه‌بێت پێویسته وه‌لای بنێن و نه‌یكه‌نه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م خۆیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی كورد له هه‌موو شوێنێك بگاته ئامانجی خۆی".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، په‌كه‌كه هۆكاری له‌بارچوونی پرۆسه‌ی ئاشتی بووه له باكووری كوردستان و نابێ له‌م قۆناغه‌دا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی باكووری كوردستان له‌ژێر كاریگه‌ریی سه‌ركرده‌كانی قه‌ندیل بن، به‌ڵكو ده‌بێ خاوه‌نی بڕیاری خۆیان بن بۆ پڕۆسه‌كه.
باسنيوز
