پەرلەمانتارێک پێشووی پارتی: حزبەکان ژمارەکان دەزانن کەچی خەڵک چەواشە دەکەن
عەبدولسەلام بەرواری، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ 20\9\2016، لە وتارێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) دەنووسێت: "حکومەتی ھەریمی کوردستان، پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ حزبەکان کرد، تا ڕاستییەکانیان پیشان بدات، بەرامبەر ھەموو ئەو چەواشەکاری و ژمارە ھەڵەیەی کە پەرلەمانتار و سەرکردەکانی حزبەکانی ناو حکومەت و پەرلەمان، بە بەردەوامی لە میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە".
بەرواری، ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ھەر زوو گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ڕایانگەیاند کە ئامادەنین بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن، حاڵی یەکێتیش ئەوەیە، ئەوەی دەیزانین و بڕیاری پێنادرێت، یەکگرتووش نایەوێت کەسێک لە خۆی تووڕە بکات و بێدەنگی ھەڵبژارد".
ھەر لەو نووسینەیدا عەبدولسەلام بەرواری، ڕوو دەکاتە سەرۆکی حکوومەت، ئاماژە بەوە دەدات: "ئێستاش ھەر ئەو ھەڵوێستەیان ھەیە، (ھیچ نەبێت گۆڕان و کۆمەڵ و زۆرینەی یەکێتی)، بۆیە پێویست ناکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی سەرقاڵی ئەمان بکات، بەڵکو پێویستە ڕوو لە خەڵک بکات، چونکە ھەر کردارێک یان بە ناوی خەڵک دەکرێت یان گوایە داخوازی خەڵکە، لەبەر ئەمە باشترە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاستەوخۆ ھەموو ئەو ژمارە و ڕێژە و ڕاستییانەی دەیویست بیانخاتە بەر دەستی حزبەکان، با بۆ خەڵکی باس بکات و وەزیر و بەرپرسە پەیوەندارەکانیش ھەر یەکە و بە پێی پیگەی خۆیەوە ھەمان کار بکات".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی فراکسیۆنی پارتی ھێما بۆ ئەوەش دەکات: "خۆ حزبەکان لە مێژە ھەموو ژمارە و داتاکان دەزانن، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت بە بەردەوامی داتاکان، گرێبەستەکان و ژمارەکان دەدرانە پەرلەمانتارەکان و حزبەکان، کەچی ھەر ئەو کەسانەی ئاگاداری ژمارەکان بوون، خەڵکیان چەواشە دەکرد و دەکەن، بۆیە ھیوادارم سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوو بکاتە خەڵک و وەڵامی دڵەڕاوکی و گازندنەکانیان بدات".
باسنيوز
