دیندار زێباری: رژێمی بەعس بۆ نانەوەی ئاژاوە لە کوردستان کۆمەڵگای نبشتەجێبوونی بۆ موسڵمانان لەسەر زەوی برا کریستیانەکان درووستکردووە
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کێشەی زەوی برا کریستیانیەکان و ئەو سستیەی گوایە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەدی دەکرێت لە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی برا کریستیانەکان وتی: لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە جوتیاری بەرهەمهێن دەکات بەبێ رەچاو کردنی جیاوازی چینایەتی و ئایینی و نەتەوەییەوە ئەمەش لە روانگەی پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵ و لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئەرکی خۆیان هەڵساون لە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی برا کریستیانیەکان و چارەسەرکردنی هەرکێشەیەک رووبەروویان ببێتەوە.
زێباری لەبارەی کێشەی ئەم زەویانەوە وتی: لە سەردەمی رژێمی بەعس پێشێلکاری بەرامبەر بە برا کریستیانەکان کراوە وەک سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان، بۆ نموونە کۆمەڵگایەک لە ساڵی ١٩٧٨ لەسەر زەوی گوندی (گاڤانا) لە دهۆک کە زەوی برا کریستیانیەکان بووە درووستکراوە بۆ راگواستنی خەڵکی بە شەرەفی چۆمان نیازی رژێمی بەعس لەم کارە نانەوەی ئاژاوە لە نێوان موسڵمان و کریستیانیەکان بوو بۆیە کۆمەڵگای بۆ موسڵمانان لەسەر زەوی برا کریستیانیەکان درووستکردووە، بە هەمان شێوە کۆمەڵگای دیکەی لەسەر زەوی موسڵمانەکان درووستکرد، لە دوای راپەرین و لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم توانای دارایی نەبوو ئەم هەموو کۆمەڵگایانە بڕووخێنێت و قەرەبووی دانیشتووانەکانی بکاتەوە، بۆیە ئەم کۆمەڵگایانە بوونەتە ئەمری واقع.
سەبارەت بە گلەیی ژمارەیەک لە برا کریستیانەکان بۆ وەرنەگرتنەوەی زەوییەکانیان و دوای بەدواداچوونی داخوازییەکانیان زێباری وتی: دوای بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دەرکەوت کە ئەوەی گلەیی لەسەر هەیە چەند گوندێکن، وەک گوندی (شکەڤدلی) لە ناحیەی (باتێل) کە راستی داخوازییەکانیان بەم شێوەیەیە لە ساڵی ١٩٧٤ تەنیا (٢٣) جوتیار لەم گوندە بەپێی یاسا زەوییان پێدراوە بە گرێبەست کە (٢١) کریستیان و (٢) موسڵمان بووینە و دوای ساڵی 1974 ئەو گوندە کاول کراوە و خەڵکەکەی کۆچیان کردووە و زۆربەی برا کریستیانەکان روویان لە بەغدا کردووە و نەگەڕانەوە لە ساڵی ١٩٩٢ ، و دوای راپەرینی گەلی کوردستان رێنمایی تایبەت بەو گوندانەی کاول کراون دەرچوو کە بە رێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی 1992 ناسراوە و تیایدا هاتووە: زەوی بدرێتە ئەو جوتیارانەی پێش کاولکردن لە گوند زەویان لەبەر دەستدا بووە بەو مەرجەی ئامادە بێت لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە، و لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنە لەم گوندە دەست بەکاربووە و ئەو جوتیارانەی ئامادە بوون زەوییان پێدراوە کریستیان و موسڵمان بوون، بەڵام لە کاتی دابەشکردنی زەوییەکاندا هەندێک زەوی زیادی کردووە لەبەر ئەوەی ژمارەیەک لە کریستیان و موسڵمانەکان لەبەردەم لیژنە ئامادە نەبوونە، ئەوا زەوییەکان دراوەتە ئەوانەی ئامادە بوون لەبەردەم لیژنە، لە ئەنجامدا (٣٦) کەس لەو جوتیارانە پێشتر کاری جوتیارییان کردووە رۆڵەکانیان زەوییان پێدراوە. هەندێک لەوانەی گلەییان هەیە هەر لە بەغدا ماونەتەوە و ئامادە نەبوونە بێنە بەردەم لیژنە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان، بۆیە بەپێی یاسای چاکسازی کشتوکاڵی زەوی ژمارە (١١٧)ی ساڵی ١٩٧٠ کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستاش کاری پێدەکرێت، هەر جوتیارێک لە ماوەی (٣٠) رۆژ لە رێکەوتی بڵاوکردنەوەی بانگەواز ئامادە نەبێت لەبەردەم لیژنە بۆ وەرگرتنی زەوی بەبێ هۆکارێکی رەوا مافی نامێنێ، بەڵام ئەم برا کریستیانانە لەو ماوە دیاریکراوە کە (٣٠) رۆژ بوو ئامادە نەبوون بەڵکو ماوەی (٧) ساڵ تێپەڕی لەسەر بڕیاری لیژنەی کشتوکاڵ واتە لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن ئینجا هاتنەوە کوردستان، هەمان شت لە گوندەکانی دیکەش روویداوە.
لە کۆتاییدا د. دیندار زێباری وتی: سەرەڕای ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگەی رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی برا کریستیانەکان کە لە دێرزەمانەوە لەم خاکەدا ژیاون وەک هەر هاووڵاتییەکی تر، بۆیە لیژنەیەک بۆ داواکاری ئەم برا کریستیانانە پێکهێنرا و ئێستا لیژنەکە گەیشتۆتە دوایین قۆناغی کارەکانی و پێشنیاریان پێشکەش کردووە کە وەک حاڵەتێکی (استثناء) زەوی ئەم برا کریستیانانەی لە ناوچەکە بۆیان بگەڕێتەوە و داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کراوە کە جێبەجێی بکات، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیارە ژماریەک جوتیاری دیکە لە کریستیان و موسڵمانەکان زەرەرمەند دەبن لەبەر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ زەوییەکانیان وەرگرتووە و ماوەی (٢٠) ساڵە لەبەردەستیاندایە و بەکاری دەهێنن، دیارە هەر مافێک بە یاسا بدرێت و دوای ئەو ماوە زۆرە ئینجا دووبارە لێی وەربگیرێتەوە پێویستی بە کات و رێوشوێنی ئیداری تایبەت هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئەم زەویانە.
