کونسوڵی فەرەنسا: لە هاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبین

 کونسوڵی فەرەنسا: لە هاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبین
کونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی لە ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوولی 2016 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە دۆمینیک ماس، کونسوڵی نوێی فەرەنسا لە ھەولێر کرد.

دۆمینیک ماس رایگەیاندووە، کە ”شەرەفێکی گەورەیە“ بۆ ئەو، کە لە هەرێمی کوردستان وەک کونسوڵی وڵاتەکەی کار دەکات و باسی ”پەیوەندییە مێژووییەکان“ی فەرەنسا و گەلی کوردستانی کردووە.

کونسوڵی نوێی فەرەنسا بەڵێنی دووپات کردووەتەوە، بەوەی وڵاتەکەی لەناردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، وێڕای ئەوەی لە قۆناغی دوای شەڕی رێکخراوی توندڕەوی داعشیش، فەرەنسا یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسا ”قووڵ و مێژووییە“ و لە هەوڵەکانیش بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە، ”ھیچ سەقفێک بوونی نییە“.

لە سەرەتای شەڕی دژی داعشەوە، وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، هەنگاریا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە لە رێی مەشقکردن بە پێشمەرگە و ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازیی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.










باسنیوز
Top