وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داخستنی بەشێک لە قوتابخانەکانی خوێندنی ئێواران دەدات
ئەمڕۆ سێشەممە 20\9\2016، مامۆستایەکی قوتابخانەی (ڕەهێڵی ئێواران) لە کۆمەڵگەی بەستۆڕەی سەر بە شارۆچکەی پیرمام، له را گەیاندراوێكدا نیگەرانیی خۆیان لە بڕیاری داخستنی قوتابخانەکەیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شەقڵاوە دەربڕی. هاوکات ئەوەیان ئاشکرا کرد کە بڕیارەکە 4 مامۆستای قوتابخانەکەیانی ناچار کردووە، داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکەن.
لەمبارەیەوە فارس جەوهەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، ڕایگەیاند: ”بڕیاری داخستنی ئەو قوتابخانەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ بڕیارێکی نوێی لەبارەی قوتابخانەکانی خوێندنی ئێواران دەرکردووە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەپێی بڕیارەکە، لەمساڵدا تەنیا لە سەنتەری قەزا و ناحیەکاندا خوێندنی ئێواران دەمێنێت و سەرجەم قوتابخانەکانی دیکەی دەرەوەی سەنتەری قەزا و ناحیەکان، دادەخرێن. گوتیشی: ”قوتابخانەی ڕەهێڵ لە کۆمەڵگەی بەستۆڕەیە و بڕیاری داخستنەکە دەیانگرێتەوە، بۆیە ئێمە میلاکی ئەو قوتابخانەیە بەسەر شوێنە پێویستەکاندا دابەش دەکەین“.
هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەناو وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: ”ئەمساڵ قوتابخانەکانی خوێندنی ئێواران بە تەواوەتی داناخرێن، بەڵام قوتابییانی پۆلی 11 و 12ی ئەو قوتابخانانە بۆ خوێندنی بەیانییان دەگوازرێنەوە و قوتابیی تازەش وەرناگرن، بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو بە یەکجاری ئەو قوتابخانانە دابخرێن“.
باسنیوز
