راوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەت: کار بۆ ئەوە دەکەین حزبەکان بێنە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران
لەمبارەیەوە دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: هیوا دەخوازین لایەنە کوردستانییەکان بێنە ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە حزبەکان بێنە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی داتا و ئاماری فرۆشتنی نەوت و داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ ڕوون بکرێتەوە”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: “لەو کۆبوونەوەیەدا کە داومان کردووە، حکوومەت هەندێک داتا و ئامار دەخاتەڕوو و گوێ لە داواکاری و گرفتەکانی لایەنەکانیش دەگرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر هەنگاوێکی تازە هەبێت، ڕێوشوێنی دیکە بگیرێتە بەر، بۆ باشترکردنی دۆخەکە و ژیان و گوزەرانی خەڵک".
قسەکانی دڵشاد شەهاب، لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی داتا و ئامارەکانی تایبەت بە فرۆشتن و داهاتی نەوت، بانگهێشت کرد، بەڵام دواتر بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ڕەتیان کردەوە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداری بکەن.
باسنیوز
