فەرماندەیەکی پێشمەرگە: دانیشتووانی حەویجە چاویان لەوەیە پێشمەرگە شارەکەیان ئازاد بکاتەوە

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: دانیشتووانی حەویجە چاویان لەوەیە پێشمەرگە شارەکەیان ئازاد بکاتەوە
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە، باس لە ئازادکردنەوەی شاری حەویجە دەکات و پێی وایە دەبێت ئەو شارە لە داعش پاک بکرێتەوە. ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەولەویەتی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئازادکردنەوەی مووسڵ و خۆئامادەکردنە بۆ قۆناغی دوای داعش.



حوسێن یەزدانپەنا، بەرپرسی میحوەری قەڵای ڕۆژهەڵات لە باشووری کەرکووک، ڕاگەیاند: “مووسڵ بووەتە ناوەندی سەرنجی هاوپەیمانان و هەرێمی کوردستان لە ڕووی پراکتیکییەکەوە، کورد و هاوپەیمانان فاکتەری سەرەکین لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی شارەکە، بەغدا بەبێ کوردستان یەک هەنگاو ناتوانێت بچێتە ناوشارەکەوە، هەروەک زۆر جار بۆ هێرشکردنە سەر گوندێک، بەبێ ڕەزامەندی و هاوکاریی پێشمەرگە، نەیتوانیوە پلانەکەی جێبەجێ بکات”.



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بە ئازادکردنەوەی مووسڵ، ڕاستەوخۆ شارۆچکەی حەویجەی باشووری کەرکووکیش لەژێر دەستی داعش نامێنێت. گوتیشی: “هەندێک ڕووداوی سیاسی و سەربازی هەیە، گۆڕانکاری لە هاوکێشەکان دەکەن، بە جۆرێک لەوە دەچێت کە ڕووداوێک بێتە پێشەوە لە جیاتی ئەوەی سەرەتا مووسڵ ئازاد بکرێتەوە، حەویجە ئازاد بکرێتەوە".



یەزدانپەنا ئەوەشی ئاشکرا کرد: “مووسڵ ناوەندی داعشە، نزیکەی (10 تا 15) هەزار چەکداری داعشی لێیە، قەبارەی گەورەترە و پێگەی گرنگتری هەیە لە شوێنەکانی دیکە، چونکە ئەو شارە کوردستان و بەغدا و سووریا گرێ دەدات". دووپاتیشی کردەوە، دەبێت شاری حەویجە وەک مووسڵ لەدەست داعش دەربهێنرێت، چونکە حەویجە خاکی کوردستانێکی داگیرکراوە، تاوەکو حەویجە پاک نەکرێتەوە، ناتوانین بڵێین کەرکووک مەترسی لەسەر نییە، بۆیە کورد و پێشمەرگە بەوپەڕی بایەخەوە بیر لە راماڵینی داعش دەکەنەوە لە حەویجە، بەڵام پێشمەرگە تەنیا فەرمان لە فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە وەردەگرێت، لە هیچ شوێن و هێزێکی دیکە وەرناگرێت، پێشمەرگە ناچێتە ژێر باری هیچ هێزێکەوە، بۆیە ئێستا دانیشتووانی حەوجە چاویان لەوەیە کە پێشمەرگە ناوچەکانیان ئازاد بکاتەوە، نەک حەشدی شەعبی، چونکە ترسیان هەیە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، تۆڵەیان لێ بکەنەوە.




یەزدانپەنا ئەوەی نەشاردەوە کە ئەولەویەتی ئێستا هەمووی کوردستان و پێشمەرگە، تێکشاندنی داعش و خۆئامادەکردنە بۆ قۆناغی دوای داعش.









باسنیوز
Top