توێژەرێکی ئەمریکی: بارزانی لە ئەگەری هێرشی سووریا پێشمەرگە رەوانەی رۆژئاوا دەکات
ئەلیزا لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی (باس) و (باس خەبەر) بەشی تورکی بارودۆخی ناوەخۆی سووریا ھەڵدەسەنگێنێت. ئەو پێی وانییە روسیا بە نزیکبوونەوە لە تورکیا خیانەتی لە کوردانی رۆژئاوا کردبێت، چونکە روسیا لە سووریا ھیچی پێشکەشی کورد نەکردووە تا بە خیانەت ناو ببرێت. بەڵام بە پێچەوانەوە پێیوایە ئەمەریکا توانیویەتی ھاوکارییەکی زۆری یەپەگە بکات وەکو راھێنان بە چەکدارەکانیان، پێدانی چەک و ناردنی چەندین راوێژکاری سەربازی.
ئەلیزا بە گوێرەی ئەو ھەڵسەنگاندنەی کردوویەتی، ئەمەریکا و یەپەگە وەکو جاران ھاوپەیمانی یەکترین، چونکە ئەمەریکا دەزانێت یەپەگە رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە ناوچەکە بەرامبەر بە گرووپی تیرۆرستی داعش.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێی وایە ئەگەر بارودۆخی رۆژئاوا بکەوێتە مەترسییەوە و رژێمی سووریا پەلاماری یەپەگە بدات، ئەوکات مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دێتە ناو ھاوکێشەکەوە و رێگە نادات رژێمی سووریا پەلاماریان بدات، چونکە ئەم ھەڵوێستەی بارزانی لە کۆبانێ دەرکەوت، کە توانی ١٥٠ پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە بنێرێتە کۆبانێ و شان بە شانی چەکدارانی یەپەگە رووبەرووی داعش ببنەوە.
ئەو دەڵێت: "کاتێک یەپەگە مەنبەجی رزگار کرد، ئیدی بەرەو جەرابلوس پێشڕەویی کرد و مەبەستیشی ئەوە بوو بە گرتنەوەی جەرابلوس کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانێ بەیەکەوە ببەستێتەوە. ھەروەھا ئەگەر یەپەگە جەرابلوسی رزگار بکردایە جگە لە شاری (ھەتای) ھەموو سنوورەکانی نێوان تورکیا و سووریا دەکەوتە ژێر دەستی خۆی، بۆیە بینیمان تورکیا ھەستی بەو مەترسییە کرد و رێگەی لەو ھەنگاوە گرت. تورکیا کاتێک زانی یەپەگە و پەکەکە ھیچ جیاوازییەکیان نییە بۆیە نەیویست سنوورەکانی بکەوێتە ژێر دەستی ئەوان. خۆی تورکیا ھیچ کاتێک نایەوێت کوردەکانی سووریا و ئێران و تورکیا و عیڕاق ببنە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. لە جەرابلوسیش ئەمەی پشتڕاست کردەوە".
بە گوێرەی بۆچوونی ئەلیزا مارکۆس لە سووریا ھیچ ھێزێکی دیکە نییە تا بتوانێت جێگەی یەپەگە بۆ ئەمەریکا بگرێتەوە، راستە ئێستا تورکیا و ئەمەریکا بە یەکەوە دژی داعش دەجەنگن و ئەمەریکا لە رێگەی فڕۆکەی ئێف ١٦ەوە ھاوکاری ھێزەکانی سووریای ئازاد دەکات، بەڵام بەو مانایە نییە ئەوان جێگەی یەپەگەیان گرتبێتەوە.
مارکۆس دەڵێت: "یەپەگە لە رۆژئاوای فورات توانیویەتی خاکێکی زۆر لە دەستی داعش دەریھێنێت و ئەستەمە بتوانن لەو شوێنانە دەریان بکەن. تورکیا ئەگەر بە بەھانەی داعش بیەوێت لە یەپەگەیش بدات، ناتوانێت بڕوا بە ئەمەریکا بھێنێت کە ھاوکاری بێت بۆ لێدانی یەپەگە، چونکە ئیدی یەپەگە بووەتە باڵێکی سەربازیی ئەمەریکا لە سووریا دژی داعش".
راستە تورکیا دەیەوێت سنوورەکانی خۆی لە داعش پاک بکاتەوە، بەڵام ئاشکرایە کە چوونی ھێزی تورکیا بۆ ناو خاکی سووریا تەنیا ئەو ئامانجەی نییە، بەڵکو ئەو دەیەوێت رێگری لە یەپەگەیش بکات تا نەتوانێت کانتۆنەکانی خۆی بە یەکتری ببەستێتەوە. ھەروەھا ئامانجی تورکیا داگیرکردنی خاکی رۆژئاوا نییە، بەڵکو تەنیا نایەوێت کانتۆنەکان یەک بگرنەوە، بۆیە مانەوەی یەپەگە و داعش لە سووریا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا دەستبەرداری یەپەگە نابێت. ئەمەیش بە بۆچوونی مارکۆس.
مارکۆس پێی وانییە یەپەگە باڵێکی سیاسیی ئەمەریکا بێت لە سووریا، بەڵکو ئەو پێی وایە ئەمەریکا تەنیا لە رووی سەربازییەوە ھاوکاریی یەپەگە دەکات و لە رووی سیاسییەوە ھاوپەیمان نین. ئەو نموونە بە کۆبوونەوەی جنێف دەھێنێتەوە کە تاوەکو ئێستایش ئەمەریکا پێی باش نییە یەپەگە بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە بکات. ھەروەھا دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا لە رووی سیاسییەوە پاڵپشتی یەپەگە بکات بۆ تاوەکو ئێستا ساڵح موسلیم نەیتوانیوە ڤیزای ئەمەریکا وەربگرێت و، لەگەڵ بەرپەسانی ئەمەریکا کۆ ببێتەوە.
باسنیوز
