نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئەمریكا كۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئەمریكا كۆبوونەوە
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 19-9-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ دۆگلاس سيليمان، باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

باڵیۆزی ئەمریكا خۆشحاڵی خۆی بە یەكەم سەردانی فەرمی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، دواتر باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كرد و هیوای خواست حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەرك و كارەكانی پاڵپشت و هاوكار بێت.

دۆگلاس سيليمان جەختیشی لەسەر هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان كردەوە بۆ داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ و لەوبارەیەشەوە هەردوولا هاودەنگ بوون كە پێویستە پلانی قۆناخی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە دابڕێژرێت بەتایبەتی لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە.لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دۆگلاس سەلەمان هیواشی خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری مرۆیی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات، بۆ باشتر بەهاناوەهاتنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتی و هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كار و ئەركەكانی باڵیۆزی نوێی ئەمریكا لە عێراق دەربڕی، هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و تۆكمەكردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانەی دووپاتكردەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، كە پێویستە ئەو گفتوگۆیەی ئێستا لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و هاوپەیماناندا لەسەر پلانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ قۆناخی دواتری شارەكە هەیە، زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
رووداو-
Top