مشك 128 سەنگەری پێشمەرگەی تەنیوە
بەپێی زانیارییەكانی پێشمەرگەكانی ئەو میحوەرە، ئەو مشكانە ماوەی سێ هەفتەیە بڵاوبوونەتەوە و فەرماندەیەكی پێشمەرگەش دەڵێت ئەو مشكانە زیانیان بە پێشمەرگە گەیاندووە.
محەممەد حاجی قادر، بەرپرسی میحوەری داقوقی پێشمەرگە راگەیاند "نزیكەی 24 رۆژە مشك لە تەواوی ناوچەكانی داقوق بڵاوبوونەتەوە و بەتەواوەتی پێشمەرگەیان هەراسانكردووە. ئەو شوێنانەش كە پێشمەرگەی تێدا جێگیركراوە بە مشك داپۆشراوە و بەهیچ شێوەیەك توانای كۆنترۆڵكردنی ئەو مشكانەمان نییە، چونكە ژمارەیان ئێجگار زۆرە. تەنانەت هیچ كەسێك ناتوانێت مەزەندەی زۆرییەكەی بكات".
سەبارەت بە كاریگەری ئەو مشكانە لەسەر پێشمەرگەكان، بەرپرسی میحوەری داقوق گوتی "ئەو مشكانە شەو و رۆژ ئازاری پێشمەرگە لە سەنگەرەكان دەدەن. شەوانە كاتێك پێشمەرگەكان دەخەون و بەسەر سنگیانەوە دێن و دەچن، گاز لە پێشمەرگەكان دەگرن و هەندێکجار بەسووکی برینداریان دەكەن".
پێشمەرگەیەكی ئەو میحوەرە كە بە مۆڵەت گەڕاوەتەوە ماڵەوە، باسی گرفتاربوونی پێشمەرگەكان بەدەست ئەو مشكانەوە دەکات و دەڵێت "زۆر ناخۆشە، بەردەوام مشك لەگەڵمان هاتوچۆ دەكات. شەوانە بەسەر سنگ و دەموچاوماندا دێن و دەچن و دەچنە نێو جلوبەرگەکانمان". ئەو پێشمەرگەیە گوتیشی "شەوێك خەوتبووم و بە ئازاری پەنجەكانم بەئاگاهاتمەوە، بینیم مشكێك بە هەموو هێزی خۆی گازی لە پەنجەم گرتووە. مشك جلوبەرگ و كەلوپەلی نەهێشتووین، هەمووی دڕیوە".
بەگوتەی خەڵكی ناوچەكە هەموو ساڵێك لە مانگی گەلاوێژدا، بۆ ماوەی 45 رۆژ مشك روو لە ناوچەكانی داقوق دەكەن، بەڵام هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ ئەو ژمارە زۆرە مشكە لە ناوچەكە نەبینراوە.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مشكانە تیمی پزیشكی لە ناوچەكە و لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە دەرمانی لەناوچوونی تایبەت بە مشكەكانیان رشتووە و رۆژانە بەهۆی ئەو دەرمانە مشكێكی زۆر لەناودەچێت، بەڵام تاوەكو ئێستا نەتوانراوە بە تەواوی مشكەكان لە نێوببرێن.
بەگوتەی محەممەدی حاجی قادر، بەرپرسی میحوەری داقوقی هێزی پێشمەرگە، 128 سەنگەری پێشمەرگە لە سنووری داقوق هەیە، مشك لە سەرجەم سەنگەرەكان بڵاوبووەتەوە.
محەممەدی حاجی قادر گوتی "بەڵێنمان پێدراوە رۆژانی دوای جەژن تیمە پزیشكییەكانی ڤێتێرنەری بەهانامانەوە بێن و مشكەكان لەڕێگەی دەرمانەوە لەناوببەن".
د. ئاوات مەحەممەد بابەکر، سەرپەرشتیاری تیمە تەندروستییەکانی بەرەکانی جەنگ لە کەرکووک و خانەقین سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو مشکانە گوتی "رێژەیەکی زۆری مشک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بڵابوونەتەوە، وەکو لێژنەی تەندروستی لە ناوچەکە توانیومانە تا رادەیەکی باش لەڕێگەی رشاندنی دەرمانی زیان بەخش مشەکاکان لەناوببەین".
لەبارەی زۆری رێژەی مشکەکان سەرپەرشتیاری تیمە تەندروستییەکانی بەرەکانی جەنگ لە کەرکووک و خانەقین گوتیشی "ئەو ناوچانەی کە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لێیە ناوچەیەکی کشتوکاڵین و ماوەیەکی زۆرە بەهۆی هاتنی چەکدارانی داعشەوە نەکراون بە کشتوکاڵ و بە دەرمان نەڕشێندراون، لەبەرئەوەیە بەم شێوە زۆرە تەشەنەی کردووە".
رووداو-
