هەنگاریا پێزانینی بۆ ئازایەتی و فەرهەنگی بەرزی گەلی كوردستان هەیە
ڕۆژی دووشەممە 19ـی 9ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاتیلا تار باڵیۆزی نوێی وڵاتی هەنگاریا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق سڵاوی سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە هاوشێوەبوونی مێژووی گەلی كوردستان و هەنگاریا، هێمای بە تێكۆشان و ئەزموونی و خەباتی سەرۆك بارزانی لەپێناو ئازادی دا و پێزانینی بۆ ئازایەتی و فەرهەنگی بەرزی گەلی كوردستان هەبوو و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و پێشمەرگەی بە فاكتەری سەقامگیری لە ناوچەكە لە قەڵەم دا. هەروەها پاڵپشتی و دۆستایەتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكوەزیرانی هەنگاریای كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و هەنگاریا نیشان دا و ستاییشی خەبات و ماندووبوونی گەلی هەنگاریای كرد بۆ گەییشتن بە ئازادی. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی باڵیۆزی پێشووی هەنگاریا لە قووڵكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا، هیوای سەركەوتنیشی بۆ باڵیۆزی هەنگاریا خواست لە ئەرك و كاری تازەی دا.
هەر لەم دیدارەدا باس لە هەڕەشەی تیرۆریستان و ئازادكردنی مووسڵ و ئاییندەی ناوچەكە كرا و هەردوولا هیوایان خواست كە گرفتەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و لەڕێی دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
KDP
