ئەکرەم ساڵح: ناكرێ هەندێ لایەنی سیاسی بەشدار لە حكوومەتدا رەفتارو لێدوانەكانیان پێچەوانەی حكوومەت بێت
ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ" پێوستە حكوومەت لەگەڵ لایەنەكان ئەوە یەكلابكاتەوە کە نابێ لایەنەكان کە بەشداری حكوومەتن هەموو لێدوان و كارەكانیشیان پێچەوانەی حكوومەتبێت و گومان بخەنە سەر كارەكانی حكوومەت، گرینگە حكوومەت روونکردنەوەی خۆی بدات بە لایەنەكان و لەبەرانبەردا لایەنەكانیش چی تێبینیەك هەیە بیخەنە بەردەم حكوومەت، هەتا بگەینە ئەنجامێكی هاوبەش كە ئایا كەموكورتی لە حكوومەتە یان لایەنە سیاسییەكان بەهەڵەدا چوونە.
دەیشڵێ، تا ئێستا گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی خۆیان ساخکردووەتەوە کە بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ناكەن، حكوومەت هەر هەوڵێك بۆ چارەكردنی گرفتەكان بدات، لەبەر ئەوەی نیەتی ئەم لایەنانە نیەتی چارەكردن نییە، مەبەستیان زیاتر وروژاندنی شەقام و ئاڵۆزكردنی رەوشی سیاسی و گوشارخستنە سەر پارتییە بەهانە دەدۆزنەوە بۆ پرسەكە، ئەگەرنا كۆبوونەوەكە بكرێت شتێكی باشە و دەكرێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ لایەنەكان كراوەشبێت، بەڵام هێشتا كۆبوونەوەكە نەكراوە هەندێ لایەن دەڵێن حكوومەت دەیەوێ ئوباڵی شكستەكانی بیخاتە ئەستووی ئێمە.
ئاماژەیشی دا، حكوومەت پێی وانیە شكستی خواردبێت، بەڵكو تووشی قەیران و گرفتی سیاسی هاتووە و پێویستی بەچارەكردن هەیە، ئەگەر حكوومەت شكستی خواردووە، لایەنەكان چی دەكەن لەنێو حكوومەتدا، ئەگەر حكوومەت شكستی هێناوە چوار لایەن تێیدا بەشدارە و گۆڕانیش كێشەی هەیە بۆ گەڕانەوەی نێو حكوومەت، داوا دەكات بگەڕێتەوە و دەستی نەكێشاوەتەوە، ئەوەی هەندێ لایەن دەیكەن ئەوەیە هەر هەنگاوێك بەرەو چارەی كێشەكان بنێن ئەوان بەهانە دەدۆزنەوە تا چارە نەكرێت، ئەم دەستپێشخەریەو چەند دەستپێشخەری دیكەش حکوومەت بیکات ئەوان هەوڵی ئەوەدەدەن کە شکست بەو دەستپێشخەریانە بێنن.
KDP
