وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی خوێندنی پارالێل ڕێنمایی بڵاو دەکاتەوە
بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی خوێی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان و بەدواداچوون بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتن، کە لە 18/9/2016 ئاڕاستەی زانکۆکان کراوە، تێیدا ئاماژە بە کۆنووسی لێژنەی باڵای خوێندن و پلانی وەرگرتن، بە ژمارە (3) لە 30/8/2016 وە بە مەبەستی ڕێکخستنی ڕێنماییەکانی وەرگرتن بە خوێندنی ئێواران و پارالێل، لەزانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی ھەرێم، چەند بڕیارێک بڵاو دەکاتەوە.
سەبارەت بە خوێندنی ئێواران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوە دەخاتەڕوو کە پێشکەشکردن لە خوێندنی ئێواران، ڕاستەوخۆ لە زانکۆکان دەبێت، دەستپێکی پێشکەشکردنیش، لە سەرەتای ھەفتەی سێیەمی مانگی ئەیلوول دەبێت و بۆ مانگێک بەردەوام دەبێت، نمرەی پێشبڕکێ بە کەمتر لە (40) نمرەی وەرگیراو لە بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ ساڵی (2015-2016) دەبێتە بنەما بۆ چوونە پێشبڕکێی وەرگرتن بە ھەمانشێوە ساڵانی ئایندەدا کەمترین کۆنمرەی ساڵی پێشتر دەبێتە بنەما بۆ پێشبڕکێ، ھەروەھا بۆ پلانی خوێندنی ئێواران ڕەچاوی بنەمای زانستی ئەو بەشە دەکرێت، کە بەشێوازێک لەگەڵ پلانی بەیانیانی بەشەکە گونجاو بێت.
ھەروەھا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ڕەچاوی وانە پەیوەندیدارەکان (دروس المفاچلە) ناکرێت، رەچاوی تەمەن و ساڵی دەرچوون ناکرێت تەنيا مەرجی کۆنمرە دەبێتە بنەما.
سەبارەت بە نرخی خوێندنی ئێوارانیش، لە نووسراوەکەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھاتووە، کرێی خوێندنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە دەستنیشان دەکرێت، بەپێی تێچووی بەشەکە و پێداویستییەکانی، بە مەرجێک ڕێژەکە کەمتر نەبێت لە (70%) نرخی خوێندنی بەش و کۆلێژی ھاوشێوەی زانکۆ تایبەتەکان، ھەروەھا دەرچوانی کۆلێژ و پەیمانگەکان بۆیان ھەیە داواکاری پێشکەش بکەن و لەسەر بنەمای کۆنمرەیی ئامادەیی پێشبڕکێ دەکەن، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە گواستنەوە و وەرگیران لە خوێندنی ئێواران بۆ بەشی ھاوشێوەی بەیانیان لەبەر جیاوازی کۆنمرە، ناکرێت.
ھەرچی سەبارەت بە خوێندنی پارالێلە، نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ھێمای بۆ ئەوە کردووە کە پێشکەشکردن بۆ خوێندنی پارالێل ڕاستەوخۆ لە زانکۆکان دەبێت، دەستپێکی پێشەکەشکردن لەسەرەتای ھەفتەی سێیەمی مانگی ئەیلوول دەبێت و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، ھەروەھا ڕێژەی وەرگرتن (20%) زیاتر نەبێت، لە پلانی پێشنیارکراوی زانکۆکان.
جگە لەمەش کەمترین کۆنمرەی ساڵی خوێندنی (2015-2016) دەبێتە بنەما بۆ چوونە پێشبڕکێی وەرگرتن، بە ھەمانشێوە لە ساڵانی ئایندەدا کەمترین کۆنمرەی ساڵی پێشتر دەبێتە بنەما بۆ پێشبڕکێ، وەک ھاتووە لەکۆلێژەکانی (پزیشکی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی) ڕەچاوی (25) نمرە کەمتر لە کۆنمرەی وەرگیراو دەکرێت، ھەروەھا لە کۆلێژەکانی ئەندازیاری یاسا ڕەچاوی (30) نمرە کەمتر لە کۆنمرەی وەرگیراو دەکرێت، ھاوکات لەھەر بوارێکی تر ڕەچاوی (40) نمرە کەمتر لە کۆنمرەی وەرگیراو دەکرێت.
سەبارەت بە نرخی کرێی خوێندنیش، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە کرێی خوێندنی پارالێل لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە دەستنیشان دەکرێت، ئەویش بە پێی تێچووی بەشەکە و پێداویستییەکانی، ھەروەھا 5 ساڵ بەسەر دەرچوونی قوتابی تێپەڕ نەبووبێت و تەمەنی لە 40 ساڵ زیاتر نەبێت.
لە سیستەمی خوێندنی پارالێل ئەوەش خراوەتە ڕوو کە دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگەکانیش بۆیان ھەیە داواکاری لەسەر بنەمای کۆنمرەی ئامادەیی پێشکەش بکەن و پێشبڕکێ دەکەن، ھاوکات دابەزین و گواستنەوە بەو سیستەمە ناکرێت.
باسنیوز
