ژمارەیەک پێشمەرگە بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن

 ژمارەیەک پێشمەرگە بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن
بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، بەمزووانە ژمارەیەک پێشمەرگەی بریندار بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

لیوا (موحسین محەممەد ڕەشید‌)، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندوە: "نزیكەی 88 پێشمەرگەی بریندارمان هەیە و ئامادە كراون‌ کە بەمزووانە ڕەوانەی دەرەوەیان بکەین بۆ مەبەستی چارەسەركردن، تەنیا ماوە نەخۆشخانەكانمان بۆ دیاری بكرێت كە وڵاتی توركیا و هەنگاریایە، لەسەر ئەركی خۆیان چارەسەری بریندارەكانمان دەكەن تەنها پارەی فڕۆكە و خەرجیی خۆیان بۆ خەرج دەكەین و ئەمەش هەماهەنگیی پێویستە".

لیوا (موحسین) گوتیشی: "وڵاتی ئەرمینیاش هاتووەتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی بریندارانی پێشمەرگە چارەسەر بكەن، بۆیە ئەو بریندارانەی دەمێننەوە لەوانەیە ڕەوانەی ئەرمینیا و جۆرجیا و وڵاتانی دیکە بكەین، كە لەوانەیە بەریتانیاش بێتە سەرهێڵ بەو پێیەی لە ماوەی پێشوودا دوو جار لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا كراوە بۆچی چارەسەری پێشمەرگە برینادارەکان ناكرێت لە نەخۆشخانەكانیان، بۆیە دەمانەوێت هەموو ئەو بریندارانانەی كە ماون لە نزیكترین كاتدا چارەسەریان بكەین و، ئەوەی بتوانین لەناوەوەی هەرێم و ئەوانەیشی پێویستیان بەدەرەوەیە، ‌بتوانین ڕەوانەی دەرەوەیان دەكەین تا چارەسەر بكرێن".

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی گوتووە: "زیاتر لە نۆ هەزار بریندارمان هەیە كە زۆربەیان لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان چارەسەر كراون و لەوانەیش 662 بریندارمان ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان كردووە بۆ چارەسەركردن".

لەبارەی قەرزیی وڵاتان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بۆ برینداران، لیوا (موحسین‌) گوتی: "كێشەی زۆرمان هەیە لەپارەی نەختینەی خەرجی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە قەرزدارە و ‌ بە تایبەتی قەرزی پزیشكی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەكو یۆنان و توركیا و هەروەها پێشمەرگەكانیش خۆیان خەرجییان كردووە و ئێمەش نووسراومان بۆیان كردووە، بۆیە دەتوانم بڵێم بڕی نزیكەی چوار بۆ پێنج ملیۆن دۆلار وەزارەتی پێشمەرگە قەرزدارە و دەبێت بۆیان بگەڕێنینەوە".










باسنيوز
Top