مامۆستایان لە بڕینی دەرماڵەی هاتوچۆ نیگەرانن

 مامۆستایان لە بڕینی دەرماڵەی هاتوچۆ نیگەرانن
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرماڵەی هاتوچۆی مامۆستایانی لە چوارچێوەی مانگی 7 بڕی و سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش باس لەوە دەکات کە بڕینی دەرماڵەکە یاساییە، بەڵام ئەوان نیگەران بوون.

دوای ئەوەی لە ڕۆژی یەکشەممە 18\9\2016 و ئەمڕۆ دووشەممە، مووچەی مانگی 7ی مامۆستایان لە پەروەردەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگا و ناوەوەی سەنتەری پارێزگاکان دابەش کرا. مامۆستایان لەوە نیگەران بوون کە دەرماڵەی هاتوچۆیان لێ بڕدراوە.

لەمبارەیەوە ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ بڕینی دەرماڵەی یاسایی جێبەجێی کردووە، یاساییە و بەپێی یاسا مامۆستایان لە مانگەکانی 7 و 8دا هیچ هاتوچۆیەک بۆ سەر کارەکانیان ناکەن، تاوەکوو دەرماڵەیان بۆ خەرج بکرێت“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان بە تەواوی لەو بڕیارە نیگەران بوون و پێشتر داوایان کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی مامۆستایان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بڕیاری بڕینی دەرماڵەی هاتوچۆی مامۆستایان جێبەجێ نەکرێت. گوتیشی: ”ئێمە زۆر پێی نیگەرانین و بەداخەوە نەدەبووایە ببڕدرێت“.

بەپێی زانیارییەکان، دەرماڵەی هاتوچۆ بۆ مامۆستایان ناو سەنتەری شارەکان و دەوروبەری، بڕی 20 هەزار تا 30 هەزارە. لە سەنتەری قەزا و ناحیەکانیشدا 30 هەزارە و لە دەرەوەی سەنتەری قەزا و ناحیەکان 50 هەزار دینارە، بەڵام لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکان 75 هەزار دینارە.











باسنیوز
Top