”یەکێتی بۆ دەنگدانەوە بە زێباری داوای 3 هەزار پلەی وەزیفی لە پارتی دەکات“

 ”یەکێتی بۆ دەنگدانەوە بە زێباری داوای 3 هەزار پلەی وەزیفی لە پارتی دەکات“
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە پارتی دیموکراتیی کوردستان دەکات، بۆ دەنگدانەوەیان بە وەزیری دارایی عێراق، داوا لە هۆشیار زێباری بکات، 3 هەزار فەرمانبەر بۆ کەرکووک دابمەزرێنێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: ”داواکارییەکە جیاوازی لەگەڵ سەفقەی پارەدا نییە“.

ئەمڕۆ دووشەممە 19\9\2016، شوان داودی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی، لە نووسینێکیدا کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) و میدیاکانی نزیک لە یەکێتییەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە: ”لە ڕۆژی 8/ 9 / 2016، لە سەردانێكماندا وه ك فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی فیدڕال، بە مەبەستی ئینسافکردنی شاری کەرکووک لە پرسی دامەزراندندا، محەمەد ئیقبال، وەزیری پەروەردە پێی ڕاگەیاندین کە کەرکووک 3000 پلەی وەزیفی هەیە و پێویستی بە (تەخسیس مالی)یە لە وەزارەتی داراییەوە“.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی داوا لە هۆشیار زێباری و پارتی دیموکراتیی کوردستان کردووە، ”ئەو کارە جێبەجێ بکەن“ و بە قازانجی گەنجانی کەرکووکیشی زانیوە کە لەو هەلی کارانەدا سوودمەند ببن.

داودی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە مەرجی ئەوان بۆ مانەوەی زێباری، ئەو دۆسیەیە و دەڵێت: ”ئەگەر دەنگدانمان بە مانەوەی زێباری، وەك پارتی دەڵێت ڕەهەندی نەتەوەیی هەیە، ئەوە پێویستە وەكوو نیازپاكییەك، زێباری پێشوەخت ئەو كارە بكات“.

لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری شاری کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ”ئەم داوایەی شوان داودی هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ داواکەی هەیسەم جبووری نییە کە داوای کردووە، زەوییەکی پێ بدەن بە بەهای 2 ملیۆن دۆلار“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەوە بەشێکە لە گەندەڵی، من تەحەدا دەکەم زێباری یەک فەرمانبەری بۆ پارتی لە کەرکووک دانەمەزراندووە تا بۆ یەکێتی دابمەزرێنێت“.

شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەشی بەوە کرد: ”یەکێتی بە پۆستی سەرۆک کۆمار و وەزیری ڕۆشنبیرییەوە نەیتوانیوە 3 هەزار کەس دابمەزرێنێت، چۆن وەزیری دارایی لەم دۆخەدا ئەوەی بۆ دەکرێت؟ جگە لەوەی لە ڕابردووشدا دەستی خۆیان وەشاندووە، ئیتر داوای چیتر دەکەن؟“. گوتیشی: ”ئەمە هیچ لەگەڵ سەفقەی پارەدا جیاوازی نییە“.











باسنیوز
Top