پەرلەمانتارێک شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانی عێراقی ئاشکرا دەکات
شاری بەغدا هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق، بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنییەکان و شەڕی تائیفیی شیعە و سوننە، بەردەوام تەقینەوە و کاری تیرۆریستی تێدا روو دەدات.
رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2016، ئەسکەندەر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە ”زۆربەی“ پەرلەمانتارانی عێراق لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەژین.
بەهۆی کارایی هێزە ئەمنییەکان و قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرگریکردن لە سنوورەکانی کوردستانی باشوور و سەرکەوتنیان بەسەر چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بە یەکێک لە ئارامترین پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێن.
هەروەک بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعشزۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.
باسنيوز
