پەرلەمانتارێک شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانی عێراقی ئاشکرا دەکات

 پەرلەمانتارێک شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانی عێراقی ئاشکرا دەکات
پەرلەمانتارێکی عێراقی شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات، کە بەهۆی نائارامیی پایتەختی وڵاتەکەیان، ناتوانن لە بەغدا بژین.



شاری بەغدا هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق، بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنییەکان و شەڕی تائیفیی شیعە و سوننە، بەردەوام تەقینەوە و کاری تیرۆریستی تێدا روو دەدات.



رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2016، ئەسکەندەر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە ”زۆربەی“ پەرلەمانتارانی عێراق لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەژین.



بەهۆی کارایی هێزە ئەمنییەکان و قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرگریکردن لە سنوورەکانی کوردستانی باشوور و سەرکەوتنیان بەسەر چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بە یەکێک لە ئارامترین پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێن.



هەروەک بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.



دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعشزۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.









باسنيوز
Top