”بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کار بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەکەن“

 ”بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کار بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەکەن“
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە کار بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن.



ئەمڕۆ دووشەممە 19\9\2016، فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، بۆ مەبەستی دەستکەوتی حزبی و ورووژاندنی هەست و سۆزی خەڵک، دژایەتیی بانگەشەکەی حکوومەت بۆ کۆبوونەوە دەکەن“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ”ئەوان نایانەوێت کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەن و خەمی خەڵکیشیان نییە“، بەڵکو ئەو دوو لایەنە دەیانەوێت ”سۆزی خەڵک بەدەست بێنن تاوەکوو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن“.



فەرحان جەوهەر جەختی لەوە کردەوە: ”چارەسەری کێشەکان پێویستی بە کۆبوونەوە و دانیشتن و گفتوگۆکردن و دیراسەکردن و دانانی ئالیەتی چارەسەرکردن هەیە، چۆن ئەو لایەنانە داوای چارەسەری کێشەکان دەکەن، بەبێ ئەوەی گفتوگۆ و دیدار و دانیشتن بکرێت“.



پاش ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، داوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنە سیاسییە بەشدارەکانی نێو حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، دژایەتیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەکە نیشان دا و بەشێک لە سەرکردەکانیان گوتیان: ”با حکوومەت کۆبوونەوە نەکات، بەڵکو کێشەکان چارەسەر بکات“.










باسنیوز
Top