پەرلەمانتارێک: باڵی قۆرخکاری یەکێتی لە میدیاکانەوە پەلاماری پارتی دەدات و دەیانەوێت زوومی میدیاکان لەسەر کێشە جددییە ناوخۆییەکانی یەکێتی دوور بخەنەوە“

 پەرلەمانتارێک: باڵی قۆرخکاری یەکێتی لە میدیاکانەوە پەلاماری پارتی دەدات  و دەیانەوێت زوومی میدیاکان لەسەر کێشە جددییە ناوخۆییەکانی یەکێتی دوور بخەنەوە“
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە ”خۆیان ناویان ناوە باڵی قۆرخکار“ لە میدیاکانەوە پەلاماری پارتی دەدات.



سەبارەت بەو هێرشەی لە میدیاکانی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی نێو یەکێتییەوە کراوەتە سەر پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 19\9\2016، فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە خۆیان لەناو یەکێتی ناویان ناوە باڵی قۆرخکار، بۆ ئەوەی کێشەکانی خۆی و زوومی کامێراکان لەسەر کێشە جدییە ناوخۆییەکانی یەکێتی لابکەوێت، پڕیان داوەتە پارتی“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە یەکێتی لەناو خۆیدا، تووشی کێشەی جددی بووە و شەفافیەت نەهێڵدراوە و ”دەستیان بەسەر موڵک و ماڵ و داهاتی یەکێتی و یەکتردا گرتووە، هیچ دیموکراسیەت و پەیڕەوێکی حزبەکەیان گوێ پێ نادەن، بەڵام دەیانەوێت کێشەکانیان بۆ ناو پارتی بگوازنەوە“.



لە سەرەتای ئەم مانگەدا، هەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی ئەو حزبە، ناوەندی بڕیاری یەکێتییان ڕاگەیاند و لە ڕاگەیاندراوێکیشدا باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییان کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەرۆکایەتییان دەکات، بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان بەسەر داهاتی حزبەکەدا گرتووە و ”باڵی قۆرخکار و سەرقاڵن بە ڕێککەوتنی ژێر بە ژێری نەوت“. دواتریش میدیاکانی کوردستان بایەخێکی زۆریان بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی دا و ڕۆژانە زانیارییان لەبارەیەوە دەگواستەوە، بەو هۆیەوە ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، ”باڵی قۆرخکار“ دەیەوێت چاوی میدیاکان لەسەر کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی، لە ڕێگەی هەڵمەتی میدیاییەوە، بۆ سەر پارتی و قەیرانی ئابووریی کوردستان بگوازێتەوە.










باسنیوز
Top