لە جزیرەی رۆژئاوای كوردستان سەرژمێری ئەنجامدەدرێت

لە جزیرەی رۆژئاوای كوردستان سەرژمێری ئەنجامدەدرێت
رۆژی دووشەممە 19-9-2016 سەرژمێری لە سنووری كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت.

سەرژمێرییەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتی رۆژئاوای كوردستان ئامادەكاری بۆ كراوە و، "ئامانج لێی دەرخستنی ژمارەی وردی دانیشتووانی رۆژئاوای كوردستانە بەتەواوی وردەكارییەكانەوە".

جیهاد عومەر، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات رایگەیاندووە، پێویستە هەموو دامەزراوەكانی شاری قامشلۆ هاوكاربن بۆ ئەوەی سەرژمێرییەكە سەركەوتووانە بەڕێوەبچێت.

جیهاد عومەر گوتیشی "ژمارەی ئەو كەسانەی لە شارەكانی سووریا بەرەو رۆژئاوای كوردستان كۆچیان كردووە، لەزیادبووندایە. گرنگە سەرژمێری بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی ناوچەكان بە تەواوی بزانرێت و پلان بۆ دواڕۆژی كۆمەڵگە دابنرێت".

كانتۆنی جزیرە لە ناوچەیەكی دەشتایی رۆژئاوای كوردستان هەڵكەوتووە و لە نۆ شار و نۆ شارۆچكە و هەزاران گوند پێكهاتووە.

شارەكانی كانتۆنی جزیرە بریتین لە: دێرك، گركێلەکێ، قامشلۆ، عامودێ، دربێسیێ، سەرێكانیێ، تلتەمر و حەسەكە.

شارۆچكەكانی جزیرە بریتین لە: چللاخا، تل كۆچەر، تل بەرەك، زرگان، تل حمس، تل عەلەف، سلوك، مەبروكا، هۆل.
رووداو-
Top