گوته‌بێژى عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق بۆ (باس‌نیوز) : به‌رده‌وام سه‌ردانى یه‌كێتى و گۆڕان ده‌كه‌ین
نه‌عیم عه‌بوودى، گوته‌بێژى ڕێكخراوى "عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق" ، به ئاژانسى هه‌واڵى "باس‌نیوز"ـى ڕا گه‌یاند :" په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان په‌یوه‌ندییه‌كى زۆر باشه و به‌رده‌وام سه‌ردانى یه‌كدی ده‌كه‌ین".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كه هه‌رچه‌نده تائێستا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان نه‌كردووه، به‌ڵام شانده‌كانیان به به‌رده‌وامى سه‌ردانى هه‌ردوو حزبه كوردستانییه‌كه ده‌كه‌ن، گوتیشی :" سه‌ردانه‌كانمان بۆ باره‌گاكانى یه‌كێتى له به‌غدا به‌رده‌وامه، هه‌روه‌ها سه‌ردانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیشمان كردووه".
روونیشی كرده‌وه، كه مه‌به‌ست له سه‌ردانه‌كانیان بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و درووستكردنى دید و بۆچوونێكى نیشتمانییه بۆ كێشه‌كانى عێراق و ناكۆكییه‌كانى نێوان حكوومه‌تى فیدڕاڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
پێشتر له شارۆچكه‌ى خورماتوو كێشه و شه‌ڕه ته‌قه له نێوان هێزه كوردستانییه‌كان و چه‌كدارانى عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق درووست بوو، كوژراو برینداریش له هه‌ردوولا كه‌وته‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ند ماڵێكى كوردیش سووتێنرا و هه‌ڕه‌شه‌شه‌یان له دانیشتووه كورده‌كه ده‌كرد.
له باره‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى باس له داخستنى باره‌گاكانی عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق له شارۆچكه‌ى خورماتوو، ده‌كه‌ن، گوته‌بێژه‌كه، گوتى :" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باره‌گاكانمان دانه‌خراون و به‌رده‌وامین له‌كارى خۆمان له‌و شاره، چونكه توركمان به‌شێكى گرنگى ئه‌و شاره پێكده‌هێنن، هه‌روه‌ك به‌شێكى گرنگیشن له ڕێكخراوه‌كه‌مان".
BAS NEWS-
