نووسەرێک بۆ وەزیرەکەی کۆمەڵ: هەموو بندیوارەکان وەک تۆ بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشین کراون
نووسەر و توێژەرێکی بواری ئیسلامی سیاسی، بە توندی ڕەخنە لە ڕوونکردنەوەیەکی وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە سەر بە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانە و داوای لێ دەکات، ئاوڕێک لەو لیستە بداتەوە کە بە ناوی حزبەکەیانەوە بڵاو کراوەتەوە.
پاش ئەوەی عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ، لە ڕاگەیاندراوێکدا کە بە ناوی نووسینگەکەیەوە، بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو ماڵپەڕ و دەزگایانەی کە هەواڵی خانەنشینییەکەیان بە پلەی (لیوا) لەسەر زاری سۆران سێوکانی، نووسەر و توێژەری بواری ئیسلامی سیاسی بڵاو کردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 18\9\2016، سۆران سێوکانی لە نووسینێکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: ”بە یاساییکردنی گەندەڵی، یان گەندەڵیزەکردنی یاسا، لە وەڵامی عەبدولسەتار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ، منیش وەک خەڵکیتر بەیاننامە جنێو ئامێزەکەتم بینی، سووکایەتی بە هەموو ئەوانە دەکەیت کە ڕەخنەیان لێگرتوویت“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئەو نە وەزیری کشتوکاڵ دەناسێت و نە ڕقی لێی هەیە، تەنانەت ”هەندێکجار دەستخۆشیت لێ دەکەم، بەڵام خۆت بە دەمی خۆت ئەوەت پێوتووین کە وەک هەموو ئەوانیتر پارەت وەرگرتووە“.
سێوکانی لە عەبدولستار مەجید دەپرسێت: ”نازانم تۆ لە شاخ موجاهید بوویت یان کارمەندی حکوومەت، تاکوو لەناکاو بە پلەی لیوا و بە مووچەیەکی چەورەوە خانەنشین بکرێیت؟“. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”ئێمەش تێبینی ئەوەمان هەیە کە حزبەکانی دەسەڵات دەمی ئێوەشیان بۆ بێدەنگکردنتان چەور کردووە، باوەڕ بکە هەموو بندیوارەکان هەروەک بەڕێزتن، یان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین یان کۆنەشتیترەوە خانەنشینکراون، بەڵکوو زۆریان بە ناوی خزمەتی حزبییەوە چەندین ساڵی خزمەت چووەتە سەر دەوامەکەیان“.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا، ئەو نووسەر و توێژەرە داوای لە وەزیرەکەی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کردووە، پێش ئەوەی ”سووکایەتی بە ئێمە بکەیت“، ئاوڕێک لە قسەکانی خۆی و ئەو لیستە بداتەوە کە بە ناوی حزبەکەی (کۆمەڵی ئیسلامی)یەوە بڵاو کراوەتەوە. دەشڵێت: ”من سەبارەت بە خۆم، تەحەدای تۆ و حکوومەتە لاتەکەشت و هەموو حزبە هاوپەیمانەکانتان دەکەم
کە یەک بەڵگەی بندیواری یان یەک پوولی قەڵبم وەک تۆ وەرگرتبێت”.
پێشتر (باسنیوز) لە زاری سۆران سێوکانییەوە ئەوەی بڵاو کردبووەوە کە عەبدولستار مەجید دەڵێت: “ڕاستە من مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەم وەرگرتووە، بەڵام دوای ئەوەی بووم بە پەرلەمانتار، وازم لەو مووچەیە هێناوە”. هەر ئەو کاتە توێژەرەکە ڕای گەیاندبوو کە ئەو کەسانەی بە نایاسایی خانەنشین کراون، هاوشێوەی وەزیرەکەی کۆمەڵ، چانسی بوون بە پەرلەمانتارییان بۆ نەڕەخساوە. ئەوەشی نووسیبوو: “تۆش (عەبدولستار مەجید) ئەگەر خزمی ئەمیر (عەلی باپیر) نەبوویتایە، ئێستا لە لادێکەتان جووتیان دەبوویت”.
BAS NEWS -
