بەرپرسێکی یەکێتی لە هەولێر: تا بودجە زۆر بوو هەموو لایەنەکان شەڕیان لەسەر دەکرد
ئەمڕۆ یەکشەممە 19\9\2016، ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە وتارێکیدا بە ناوی (کشانەوە لە حکوومەتی هەرێم) نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە داوە: ”دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە“. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ”تا بودجە و پلە و پۆست زۆر بوو، هەموو لایەک هەوڵ و تەقەڵای وەرگرتنی دەکرد، بگرە شەڕیشی لەسەر دەکرد، ئەی بۆ ئەمڕۆ داوای کشانەوە دەکەن؟“.
داواشی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، ”لە سەنگەری پێشەوەی بەرپرسیارێتیدا بێت، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری قەیرانەکان“. دەشڵێت: ”ڕاستە گرفتمان هەیە، بەڵام قەت وا ڕانەهاتووین ڕەفیقەکانمان لە نیوەی ڕێگا جێ بهێڵین“.
ڕێباز بێرکۆتی لە نووسینەکەیدا ئەوەی ڕوون کردووەتەوە، پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دوو حزبی هاوپەیمانن و پێکەوەش ”شان دەدەینە بەر بەرپرسیارێتیی مێژوویی“. دڵنیاشە لەوەی بە هەوڵی هەموو لایەک، لە ماوەیەکی نزیکدا ”ئەم قەیران و گرفتانە چارەسەر دەبن“. ئەوەش ناشارێتەوە: ”ئەوانەی ئێستا گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن، جارێکی تر سەری مەیدانمان لێ نەگرنەوە بۆ پلە و پۆست و میزانیەی حزبەکانیان“.
باسنیوز
