خوێندنی باڵا: هیچ ڕێژەیەك بۆ وەرگرتنی قوتابیان پەسەند نەكراوە
عەباس ئەكرەم دزەیی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: "لێژنەی باڵای وەرگرتن لە وەزارەتەكەمان لە كارەكانی بەردەوامە بۆ تاوتوێكردن و داڕشتنی پلانی ڕێژەی وەرگرتن لە زانكۆكان بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017)".
هاوكات گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "بابەتی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆكان پەیوەستە بەو پلانەی كە لەلایەن وەزارەتەكەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان دادەنرێت".
گوتیشی: "تا ئێستا هیچ ڕێژەیەك بۆ وەرگرتنی قوتابیان دیاری نەكراوە، بەڵكوو پلانەكە پەیوەستە بە پێشنیازی زانكۆكان، هەر كاتێكیش پیشنیازەكانیان بە تەواوەتی ڕەوانەی وەزارەت كرد، ئەوكات لەلایەن لێژنەی باڵای وەرگرتن تاوتوێ دەكرێت و ئینجا بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێ".
باسنیوز
