دەزگای خێرخوازیی بارزانی: نادیە موراد نموونەی سەربەرزی و ئازایەتیی کچی کوردە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پەیامەكەیدا، ڕایدەگەیەنێت: "وەك چۆن لە سەرەتای كارەساتی 3/8/2014 كە بەسەر برا ئێزدییەكاندا هات، بێ دابڕان لە خزمەتیاندا بووین، سۆز دەدەین بە هەموو توانایەكمانەوە بەردەوام بین لە خزمەتكردی برا ئێزیدییەكانمان".
دەقی پەیامەكە:
دەستنیشانكردنی خاتوو (نادیە موراد) لە 16/9/2016 لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەكو باڵوێزی نیازپاكی، ئێمەی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانیی دڵخۆش كرد و لە دڵەوە پیرۆزبایی لێ دەكەین و هیوادارین لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو بێت. بەم بۆنەیەوە ڕایدەگەێنین دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك چۆن لە سەرەتای كارەساتی 3/8/2014 كە بەسەر برا ئێزیدیەكاندا هات، بێ دابڕان لە خزمەتیاندا بووین. سۆز دەدەین بە هەموو توانایەكمانەوە بەردەوام بین لە خزمەتكردی برا ئێزیدیەكانمان. هەروەها پشتیوانی خاتوو (نادیە موراد) دەبین لە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە لە ئایندەدا وەكوو باڵوێزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامی دەدات، چونكە خاتوو نادیە موراد لەگەڵ ئەوەی خۆی قوربانیی دەستی تیرۆریستانی داعشە و چەندین جار لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە وەكوو كۆیلە مامەڵەی لەگەڵدا كراوە و كڕین و فرۆشتی پێوە كراوە، كەچی زۆر بە سەربەرزییەوە و بە دەنگێكی بەرز و بە زمانێكی سادە، چیرۆكی خەمەكانی خۆی و قوربانییەكانی كەسوكار و نەتەوەكەی، بە گوێی جیهاندا داوە.
ئەمەش نیشانەی سەربەرزی و ئازایەتیی كچی كورد پیشان دەدات. ئومێدەوارین لە ئایندەدا بتوانین پێكەوە خەم و مەینەتییەكانی برا ئێزیدیەكانمان كەم بكەینەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی
18/9/2016
باسنیوز
