تەواوی دامەزراوەی ئیشق لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیایەکەوە کڕایەوە

 تەواوی دامەزراوەی ئیشق لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیایەکەوە کڕایەوە
بەهۆی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی ئیشق لە هەرێمی کوردستان کە چەند کۆلێژ و قوتابخانە و دەزگایەکی جۆراوجۆر لەخۆوە دەگرێت، لە لایەن کۆمپانیایەکی خۆماڵیی هەرێمی کوردستانەوە کڕدراوەتەوە.

پاش کودەتاکەی 15ی تەمووزی 2016 کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە شکستی پێهێندرا، بەهۆی ئەوەی دامەزراوەی ئیشق بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گرووپی فەتحوڵا گولەن تۆمەتبار دەکرێت کە گرووپەکەش لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە بە کودەتاچی لەقەڵەم دراون. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی قوتابییانی دامەزراوە پەروەردەییەکانی سەر بە کۆمپانیای ڕووناکی (دامەزراوەی ئیشق) زیانیان بەر نەکەوێت، شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوەیە دەگۆڕن.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو گوتى کە تەواوی دامەزراوەی ئیشق لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی (خۆشناو)ەوە کڕدراوەتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی گرێبەستەکە و بڕی پارەکە بزاندرێت.

هەمان سەرچاوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە ساڵانە داهاتی دامەزراوەی ئیشق بەرزە، چونکە: ”ئەو دامەزراوەیە 40 هەزار قوتابی هەیە کە بەشێکیان ساڵانە 4 هەزار دۆلار کرێی خوێندن دەدەن، بۆیە داهاتی دامەزراوەکە بەرزە“.

لە لایەن خۆیەوە ئایدن مەعرووف، ئەندامی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ئێمە لە لێژنەکەمان تاوەکوو ئێستا بە فەرمی ئاگادارییەک نەکراوینەتەوە و هیچ نووسراوێکی فەرمیشمان سەبارەت بە چارەنووسی دامەزراوەی ئیشق بۆ نەهاتووە و ناشزانین وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا چییان کردووە؟“. گوتیشی: ”منیش گوێم لەوە بووە کە دامەزراوەکە بەو کۆمپانیایە فرۆشراوە، بەڵام بە فەرمی هیچم نەزانیوە“.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان بەپێویستی زانی، گۆڕانکاری لە ستافی ئیدارەی دامەزراوەی ئیشقدا بکرێت. گوتیشی: ”دەبێت ڕەچاوی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بکرێت، هەروەها گۆڕانکاریی جددیش لەناو دامەزراوەکەدا بکرێت و بەرژەوەندیی قوتابییانیش لەبەرچاو بگیرێت“.











باسنیوز
Top