فراکسیۆنی پارتی: نابێت لایەنە بەشدارەکانی نێو حکوومەت خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 18\9\2016، محەمەد عەلی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: شتێکی باشە کە ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان دەکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای تەوافووقێکی هەمەلایەنە دامەزراوە و گوتی: ”هەموو لایەنەکان لە حکوومەتدا بەشدارن و نابێت کەس خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە“.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی جەختی لەوە کردەوە: ”ئێستا ئەم جۆرە کۆبوونەوانە زۆر گرنگ دەبێت و هیوادارین کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش، بتوانین سوود لە بۆچوونی یەکتر وەربگرن“.
دوێنێ شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە لایەنە بەشدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میدیاکانەوە زانیاریی جۆراوجۆر بڵاو دەکەنەوە، بۆیە داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان کرد.
باسنیوز
