"بەهۆی ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوت لایەنێکی سیاسی دژی ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدایە"

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیل فرۆشراوە و داهاتەکەی دیار نییە
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، پێش ئەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك ڕێكکەون، ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك فرۆشراوە و داهاتەكەشی نادیارە.

دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند: “پێش ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووكەوە ڕێك بکەون، ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك هەناردە دەكرا و داهاتەكەشی نە بۆ حكوومەتی هەرێمی کوردستان و نە بۆ حكوومەتی بەغدا و نە بۆ ئیدارەی كەركووك دەگەڕێندرایەوە".



ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاشکرا کردووە کە نووسراو و بەڵگەی تەواوی بە دەستەوەیە، ڕۆژانە نزیکەی 150 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستا فرۆشتنی ئەو نەوتە ڕاگیراوە.



لە کۆتایی قسەکانیدا، دڵشاد شەعبان، سەبارەت بە نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کە ناوەندی بڕیاری حزبەکە بە “باڵی قۆرخکار و سەرقاڵ بە ڕێککەوتنی ژێربەژێری نەوت” تۆمەتباریان دەکات، گوتوویەتی: “ئەو دژایەتیكردنەی لایەنێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ڕێكکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو نەوتەی پێشتر هەناردە دەكرا و داهاتەكەشی دیار نەبوو، دوای ڕێککەوتنەکە، ڕاگیراوە”.



دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕال، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، نامەیەکی بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نارد و تێیدا داوای ڕاگرتنی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی کرد، بیانووشی بەوە هێنایەوە کە هێزەکانیان ئەو کێڵگە نەوتییانە دەپارێزن.




باسنيوز


Top