وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: رێككەوتنێكی گرنگمان لەگەڵ كوردستان كردووە
د. دەرباز محەممەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لەکاتی بەشدایکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی هاوکاری حکومەتی عێراق و رێکخراوەکان بۆ ئەو لێشاوە ئاوارەیەی روو لە ناوچەکانی باشووری کوردستان دەکەن رایگەیاند: "لەگەڵ رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدا هەماهەنگیمان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین هەم ئەو کێشانەی ئێستا هەن بەسەریاندا زاڵبین، هەم ئەو کێشە گەورەیەی لەبەردەمماندایە، کە مەسەلەی تەحەدای رزگارکردنی موسڵە".
دەرباز محەممەد دەڵێت: "رزگارکردنی موسڵ بووەتە تەحەدایەکی جیهانی، چونکە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە کەیسی خۆی دەزانێت و کاری لەسەر دەکات، کورد بە کەیسی خۆی دەزانێت، بەغدا بە کەیسی خۆی دەزانێت، لەڕووی مرۆییەوە رزگارکردنی دوو ملیۆن کەس کە ئێستا لەنێو شاری موسڵن لە برسیەتی و زوڵم و زۆری داعش، بەڕاستی کەیسێکی گەورەی جیهانییە، ئاوارەبوونی زۆریی خەڵكیشی لێدەکەوێتەوە".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەشڵێت: "تەرخانکردنی دوو ملیار دۆلار بۆ ناوچە رزگارکراوەکان لەژێر دەستی داعش، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 20-7-2016 راگەیێندرابوو، بۆ ماوەی سێ ساڵە، 2016 تا 2018، ئەو پارەیە پارەیەکی باشە، بەڵام بەشی هەموو کێشەکان ناکات".
بەگوتەی دەرباز محەممەد كە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەكەی وەرگرتووە "کێشە سیاسییەکان لە عێراق کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر ئەوەی بتوانێت ئەو پارەیەی لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە تەرخانکراوە، بەکاربێت، بە نموونە ناوچەمان هەیە ساڵێکە رزگارکراوە، هێشتا نەمانتوانیوە ژیانی بۆ بگێڕینەوە، تاوەکو ئێستا سەقامگیری سەربازی لە شنگال بەو دەرەجەیە نییە، کە تۆ بتوانیت کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی بکەیت، لە بێجی و چەندین ناوچەی دیکەی عێراق ئەو سەقامگیرییە سەربازییە نییە".
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ئاوارەبوونی خەڵكی موسڵ دەرباز محەممەد گوتی "ئامادەکارییەکان لەسەر دوو ئاستن، ئاستێکیان لۆجیستییە، ئێمە وەک حکومەتی فیراڵ لەڕووە لۆجیستییەکەوە رۆژی 7-9-2016 یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد و لەسەر کۆمەڵێک بنەما رێککەوتووین".
سەبارەت بە شێواز و جۆری رێککەوتنەکەش گوتی: "حکومەتی فیدراڵی تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامدانەوەیەکی هەبێت لەڕووی داڵدەدان و فریاکەوتنەوە، تاوەکو ئێستا 20 ملیار دینارمان بۆ پارێزگای دهۆک و 20 ملیاری دیکەمان بۆ پارێزگای هەولێر و 8 ملیاریشمان بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە، بۆ ئەوەی لە قۆناخی یەکەم بتوانین شوێنەکانی داڵدەدان، کە لە شێوەی کەمپدایە، دروست بکەین".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی "بۆ قۆناخی دوای ئەویش رێککەوتین لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هەماهەنگی سێ قۆڵی دروست بکەین، کە بەسەرۆکایەتی پارێزگارەکان بێت لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، کەسێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی هەموو رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، کەسێکیش نوێنەرایەتی حکومەتی فیدراڵی بکات کە سەر بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەبێت، ئەمانە بەرپرس دەبن لە جموجۆڵی فریاکەوتنی ئاوارەکان، ئەمەش رێککەوتنێکی گرنگە".
rudaw -
