تەقینەوەكەی مزگەوتێکی كەركووك کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
محەممەد زەکی، ئەفسەری ئێشکگر لە ئاسایشی کەرکووک رایگەیاند "تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە بووە، بەهۆی تەقینەوەکەش 6 کەس بریندار ببوون، لەنێویاندا منداڵێکی تەمەن 6 ساڵ هەبوو، کە گەیشتووەتە نەخۆشخانە شەهیدبووە، واتە کەسێک شەهیدبووە و 5ی دیکەش برینداربوونە".
سەبارەت بە ئەنجامدەری کردەوەکە محەممەد زەکی گوتی "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، ئەوەی تائێستا زانراوبێت لەکاتی نوێژخوێندن کەسێک بۆمبەكەی داناوەتەوە و رۆیشتووە، پاش كەمێكیش تەقیوەتەوە".
لەکاتی تەقینەوەکەدا سێ ریز نوێژخوێن (نزیكەی 120 كەس) لە مزگەوتەکە بوونە، رەنگە برینداری زیاتر هەبێت لەو تەقینەوەیە، چونکە لەدوای تەقینەوەکە خەڵکێک تووشی شپرزەیی بووە و سەرەتا چووەتە ماڵەوە، دوایی دەچێتە نەخۆشخانە، یان بەسووكی برینداربووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان تائێستا کەسێک کوژراوە و 5ی دیکەش بریندارن، شایەدحاڵانی رووداوەکەش دەڵێن 24 کەس بریندار هەن، بەڵام لەبەرئەوەی ماڵیان نزیک بووە چوونەتەوە ماڵەوە، تەنانەت ناوی بریندارەکانیشیان دەهێنا.
مزگەوتی ئەهل سەفا، دەکەوێتە گەڕەکی یەکی حوزەیران، ئەو گەڕەکە دەکەوێتە خوارووی شاری کەرکووک، زۆرینەی دانیشتووانی گەڕەکەكە عەرەبی سوننەمەزهەبن و، کورد و عەرەبی شیعەی کەم تێدا نیشتەجێن.
رووداو
