چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە ڕوو لە هەولێر و دهۆک بکەن
پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی ئازادکردنەوەی مووسڵ، ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە ڕوو لە هەولێر و دهۆک دەکەن کە ئەمەش ئامادەکاری پێشوەختەی دەوێت.
عەباس فهتاح ساڵح، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاوهدانكردنهوه و نیشتەجێکردن لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی ئازادکردنەوەی مووسڵ، پێمانوایە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە شاری مووسڵەوە ئاوارەی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەبن کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی یەکجار زۆر بێت”.
داواشی لە حکوومەتی عێراق کرد، بە هانای ئەو ئاوارانەوە بچێت، بۆ ئەوەی ئەرکی سەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قورستر نەبێت، چونکە: “ناکرێت ئەم بابەتەش بکرێتە بیانوو بۆ نەدانی مووچەی فەرمانبەران، گوایە ئاوارەی زۆرتر ڕوو لە کوردستان دەکات".
گوتیشی: "داوادەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەغداوە کار بکەن بۆ ئەوەی چارەسەر و ئامادەکاری بۆ ئاوارەکان بکرێت".
پێشووتر نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: “بەهۆی شەڕی مووسڵەوە، چاوەڕوان دەکرێت یەک ملیۆن کەس ئاوارەی هەولێر ببێت”.
Bas News-
