پێشبینی دەکرێت ئێران بە ڕەزامەندیی بەغدا خاکی کوردستان تۆپباران بکات

 پێشبینی دەکرێت ئێران بە ڕەزامەندیی بەغدا خاکی کوردستان تۆپباران بکات
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسیی تۆپبارانکردنی کوردستان، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخاتە ڕوو و پێیوایە، مەترسی لەسەر ئاسایشی کوردستان دروست دەکات.

د.عەرەفات کەرەم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق،رایگەیاند: “بابەتی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی کوردستان، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سیاسییە و سەربازییە، بۆ دژایەتیی ڕوون و ئاشکرایە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان”.

داواشی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کێشەکان بە گفتوگۆی ئاشتییانە چارەسەر بکات، چونکە: “بەهۆی تۆپبارانەوە، خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەردەوامی هەبێت، مەترسیی کاردانەوەی حزبە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکرێت".

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان نازانن بۆچی حکوومەتی عێراق لە تۆپبارانەکان بێ دەنگە؟ دەشڵێت: “ئەگەر دەبابەیەکی تورکی جووڵە بکات، عێراق هەڵمەتێکی فراوان دەست پێ دەکات، کەچی بەرانبەر بە ئێران بێ دەنگە، بۆیە پێشبینی دەکرێت هێرش و تۆپبارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندی و ئۆکەی بەغدا بووبێت".












باسنیوز
Top