عەبادی و ئۆباما کۆدەبنەوە

 عەبادی و ئۆباما کۆدەبنەوە
بڕیارە رۆژی دووشەممە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک کۆببێتەوە.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "ئۆباما لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ عەبادی کۆدەبێتەوە".

بێن رۆدس، راوێژکاری ئۆباما لەمبارەیەوە رایگەیاند "سەرۆکانی ئەمریکا و عێراق شەڕی داعش و ئامادەکارییەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ تاووتوێ دەکەن، کە زیاتر لە دوو ساڵ و سێ مانگە لە دەستی داعش دایە".

رۆدس ئاشکراشی کرد هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا باس لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری عێراق دەکەن.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە 18-9-2016 سەرۆکی ئەمریکا بچێتە نیویۆرک، لەوێ لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێک پێشکەش دەکات و لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتان کۆدەبێتەوە.









رووداو
Top