نێچیرڤان بارزانی دەربارەی نادیە موراد نامەیەک ئاڕاستەی بان کی مۆن دەکات

نێچیرڤان بارزانی دەربارەی نادیە موراد نامەیەک ئاڕاستەی بان کی مۆن دەکات
بەبۆنەی دەستنیشانکردنی خاتوو نادیە موراد، کچە ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش وەک باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ ھەینی 16/9/2016، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاڕاستەی بان کی مۆن، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کرد.

ئەمەش دەقی نامەکەیە:

جەنابی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان،
دەمەوێ سوپاسی ئێوە ‌و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە ماددەی ھۆشبەر و تاوانەکان بکەم بۆ دەستنیشانکردنی خاتوو ناد‌یا موراد باسی تا‌ھا بە باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەروەھا بۆ بانگھێشتکردنمان بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنەکەی وەک باڵیۆز لە ١٦ی ئەیلوولدا.

بەداخەوە، بەھۆی بارودۆخی سەختی ئابووری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە،‌ ناتوانم بەشداریی ڕێوڕەسمەکە بکەم، بەڵام حکوومەتەکەم لە ڕێی بەشداریی بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەشداریی دەکات.

خۆشحاڵم کە شانازیکردنی خۆمان بە خاتوو نادیا مورادەوە ڕابگەیەنم بە ئازایەتی، شکۆداری و توانای ئەوەوە بۆ دەنگھەڵبڕین بە ناوی قوربانیانی ئەو جینۆسایدەوە کە داعش (گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) ئەنجامی داوە، بەتایبەتی دژی ئەو کچ و ژنانەی کە لەلایەن ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە کرانە کۆیلە.

وەک دەزانن، ئێزدییەکان لەگەڵ کریستیانان، شەبەک، کاکەیی، سائیبە مەندائییەکان، ھەروەھا کورد و عەرەب، بوونە ئامانجی داعش و کردەوەکانی لە سەربڕین، دەستدرێژیکردن، کۆیلەکردنی سێکسی و کوشتنی بە کۆمەڵ، کە ئەم کردەوانە دروست بە جینۆساید ناسێنراون. بەتایبەت ئێزدییەکان بە شێوەیەکی سەخت بە دەست تاوان و نادادپەروەرییە بێئەندا‌زەکانی داعشەوە ئازاریان کێشا، بە جۆرێک کە شایانی گرنگیدان و ھاوکاریی ھەموو جیھانن. لە کاتی ئێستادا، نزیکەی ٤٢٠ ھەزار ئێزدی لە ھەرێمی کوردستان ئاوارەن، ئەوەی بۆیان دەستەبەر کراوە لە پەناگە، چاودێریی تەندروستی، خزمەتگوزاریی فێرکردن، لە ئاستی پێویستدا نییە، چونکە لە کاتێکدایە کە بەھۆی ھاتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەوە، توانا و سەرچاوەکانمان کەمن لە ھەرێمی کوردستان و بۆ زیاتر لەوەی بەش دەکەن، بەکاردێن، لە ھەمان کاتدا شەڕی داعشیش کە ڕووبەڕووی بووینەتەوە، شەڕێکی سەختە. ئەوەی دەیزانین ٣٢٠٠ ئێزدی لەژێر دەستی داعشدا ماون،‌ ئەو ژن و کچانە لە بازاڕی کۆیلەکان بازرگانییان پێوە کراوە ‌و لەنێوان سنوورەکاندا بە قاچاخ براون. پێویستە ھەموو مرۆڤایەتی پێکەوە بکەوێتە کار بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی تا ئێستا وەک کۆیلە ژیان بەسەر دەبەن و کۆتایی بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بھێنرێت.

ئێمە ھێمایەتیی دامەزراندنی خاتوو نادیا موراد وەک باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شکۆی قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی بازرگانەکانی مرۆڤ بەرز دەنرخێنین، ھەروەھا متمانەمان ھەیە ئەو کچە لاوە ئێزدییە کە بێئەندازە ئازاری چەشتووە و لێزانییەکی لە تەمەنی خۆی گەورەتری بەدەستھێنا‌وە، دەتوانێت ئەرکەکانی خۆی بە بوێری و بەرپرسانە ئەنجام بدات .
Bas News-
Top