کادیرێکی یەکێتی: یەکێتی بە هاتنی فەتلاوی و دیداری عامری مەمنوونەو دوای مام جەلالیش کەسانی نەشیاو بوونەتە بەرپرس
سلێمان عەبدوڵا یونس، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کادیرێکی پێشکەوتووی سەر بە ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە نووسینێکیدا کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بە ناونیشانی (نوێنەری ئۆباما بۆچی لەگەڵ یەکێتی کۆنەبۆوە) بڵاوی کردووەتەوە، بارزانی بە پۆستی سەرۆکایەتییەکەوە، ڕۆژانە شاندە ئاست بەرزەکانی ئەمریکا و ئەورووپا و ناوچەکە بە دەوری پارتەکەیدا کۆدەکاتەوە، کەچی: ”یەکێتی، بە پۆستێکی گەورە و گرنگی وەکو سەرۆک کۆماری عێراق، ناتوانێت کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرەکەی ئۆباما ڕێکبخات و بە هاتنی فەتلاوی و دیداری عامری مەمنونە“.
سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت: ”پارتی بە پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە، واژووی گرێبەستی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکەکان دەکات و هەر بە خاوەندارێتیی نەوتی هەرێمیشەوە ناوەستێت و بەو پۆستەوە، دەچێت هی کەرکووکیش لەگەڵ بەغدا، نیوە بە نیوە بەش دەکات. کەچی یەکێتی، بەپۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و پارێزگاری کەرکووکەوە، خۆیان گوتەنی، بێ ئاگان لە نەوتی هەرێمی کوردستان و بێ بەشن لە کێکە ڕەشەکەی کەرکووک“. بە گوتەی ئەو، پارتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات کە ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، بە وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەسفی کردووە، بەڵام: ”پێدەچێت یەکێتی هێشتا هەر کار بە مەکتەبە حزبییەکەی بکات و نەیزانیبێت، پۆستی جێگری ئەو فەرمانگە گرنگە، پشکی خۆیەتی، بۆیە هەتا ئێستاش هەر بە چۆڵی ماوەتەوە“.
لە کۆتاییشدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دیدارەکەی نێوان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سلێمان عەبدوڵا یونس نووسیویەتی: “لە دوای مام جەلال ، هەرچی شوێنی شیاو هەیە، بە خەڵکی نەشیاو پڕیانکردووەتەوە، کەچی ئەندامە دڵسۆزەکانی یەکێتی بەتەمان، نوێنەرەکەی ئۆباما لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەیاندا کۆببێتەوە. دەی باش نەبوو، پەراوێزێک دەسکەوت، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی یەکێتی، لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی تیا بدات!”.
دوێنێ پێنجشەممە 15\9\2016، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دواتریش میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە کە بڕیاربووە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسە ئەمریکییەکە و مەلا بەختیاردا ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکراوە و شاندەکە گەڕاونەتەوە ئەمریکا.
باسنیوز
