محەمەدی حاجی مەحموود: فینلەندا بڕیار و بەڵێنی هاوکاری بە پێشمەرگە داوە

محەمەدی حاجی مەحموود: فینلەندا بڕیار و بەڵێنی هاوکاری بە پێشمەرگە داوە
دوای سێ‌ رۆژ لە سەردانەكەیان بۆ فینلەندا شاندی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ کۆتایی بە کۆبوونەوە فەرمییەکانی هێنا و ئەندامێكی شاندەكەش دەڵێت، فینلەندا بەڵێنی هاوکاریی بە پێشمەرگە داوە و ژمارەی راوێژكارە سەربازییەكانی بۆ 100 راوێژكار بەرزدەكاتەوە.

محەمەدی حاجی مەحموود، ئەندامی شاندەكەی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەماوەی سێ‌ رۆژدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەی چڕوپڕیان هەبووە و لەگەڵ وەزارەتەكانی بەرگری، ناوخۆ و دەرەوە و لیژنەكانی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی فینلەندا كۆبوونەوەیان هەبووە، هاوكات سەردانی ئەو كارگانەشیان كردووە كە چەك و تەقەمەنی دروست دەكەن و لە نزیكەوە پێداویستییە سەربازییەكانیان بینیوە.

محەمەدی حاجی مەحموود راشیگەیاند، فینلەندا بڕیاریداوە ژمارەی راوێژكارە سەربازییەكانی لە 50 راوێژكارەوە بكاتە 100 راوێژكار، هاوكات لەڕووی تەندروستییەوە هاوكاری پێشمەرگە دەكات.

محەمەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەشكرد، لیستی داواكارییەكانیان داوەتە حكومەتی فینلەندا و لەماوەی داهاتوودا بڕیار و بەڵێنەكانیان جێبەجێ دەكەن پێش دەستپێكردنی شەڕی موسڵ.

شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش 3 رۆژ لە کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەپرسانی حکومی و حزبی وڵاتی فینلەندا، ئەمڕۆ هەینی 16-9-2016 کۆتایی بەکۆبوونەوە فەرمییەکانی هێنا.

لە کۆبوونەوەکاندا لە فینلەندا شاندی وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ لەسەر رۆڵی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بەداعش و چۆنێتی گەیاندنی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی موسڵ و هاوکاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە کراوە.




رووداو
Top