توێژەرێکی ئیسلامی سیاسی وەڵامی وەزیرەکەی کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە

 توێژەرێکی ئیسلامی سیاسی وەڵامی وەزیرەکەی کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە
توێژەرێکی بواری ئیسلامی سیاسی، بە توندی وەڵامی عەبدولستار مەجید، وەزیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەداتەوە کە دانی بەوەدا نابوو، دوای ئەوەی بووە بە پەرلەمانتار، وازی لە خانەنشینییەکەی بە پلەی لیوا هێناوە.

ئەمڕۆ هەینی 16\9\2016، سۆران سێوکانی، توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسیویەتی: ”عەبدولستار مەجید، وەزیرەکەی کۆمەڵی: بەڵێ من بەپلەی لیوا خانەنشین بوون، بەڵام کە بووم بە پەرلەمانتار، وازم لێ هێنا“. بۆیە دەپرسێت: ”ئێ کاکی وەزیر، ئەدی گەندەڵی چییە؟“.

سێوکانی ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”خۆ هەموو ئەوانەی باسی گەندەڵییان دەکرێت، وەک ئێوە خانەنشین بوون، بەڵام چانسی ئەوەیان نەبووە ببنە پەرلەمانتار و وەزیر، واتە گەندەڵێکیتر، چونکە زاوای ئەمیر و ئەمیندار و سکرتێر و سەرۆک و شتیتر نەبوون”.

لە کۆتاییشدا توێژەرەکەی بواری ئیسلامی سیاسی بۆ عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زاوای عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، دووپات کردووەتەوە: “ئێوەش ئەگەر خزمی ئەمیر نەبوونایە، دەبوو ئێستا لە لادێکەتان جووتیار بوونایە”.




باسنيوز
Top