مانگرتنی کراوەی چالاکوانانی کورد بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی لای یەپەگە بەردەوامە
مەڕوان ئەحمەد، چالاکوانی کورد، بە ماڵپەڕی (عەرەبی 21)ی ڕاگەیاندووە: ”ئێمە نزیکەی 30 چالاکوانی سیاسیی کوردین، مانگرتنی کراوەمان لە خواردن ڕاگەیاندووە، مانگرتنەکەش لە ئەنجومەنی خۆجێیی ڕۆژهەڵات کە سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریایە، بەڕێوە دەچێت و داوای ئازادکردنی ئەو زیندانیکراوانەی لای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەکەین کە لەسەر ڕادەربڕین زیندانی کراون“.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە زیاتر لە 42 زیندانیکراوی سیاسی هەن و لە نێویاندا ژنانیش هەن. گوتیشی: “سەرجەم ئەو کەسانە لە ڕیزەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریان و تائێستا چارەنووسیان نادیارە، چونکە نەدراونەتە دادگا، تەنانەت یەپەگە پێی ڕاگەیاندووین کە ئەو کەسانە لە زیندانەکانیاندا نییە”.
هەر لەمبارەیەوە، هەمان ماڵپەڕ، لە زاری جان دۆست جان، کەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی کوردییەوە بڵاوی کردووەتەوە: “مانگرتن لە خواردن بۆ مەبەستێکی مرۆیی وەک ئازادکردنی زیندانیکراوان، لە وڵاتێکدا کە نرخ بۆ مرۆڤ و مافەکانی دابندرێت، سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام لە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی کوردستانی ڕۆژئاوا کە کار بۆ ڕژێمی سووریا دەکەن، هەرگیز سەرکەتوو نابێت”.
لە دوای شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەکی کوردستانی ڕۆژئاوا لە میانی دوایین ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەرەکانی خازر و گوێڕ، لە کاتێکدا بەرپرسانی پارتە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوا و چالاکوانانی سیاسی سەرگەرمی گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بوون بۆ زێدی خۆیان، لە لایەن یەپەگەوە ڕێگرییان لێ کرا و دواتر ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسی ئەو پارتانە و چالاکوانان بێ سەروشوێن کران.
باسنيوز
