ئەمەریكا داوای پاراستنی یەكڕیزی لە پارتی و یەكێتی دەكات

ئەمەریكا داوای پاراستنی یەكڕیزی لە پارتی و یەكێتی دەكات



بریت مەكگۆرك نوێنەری باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش، دوای كۆبوونەوەكانی شاندی ئەمریكی لە هەولێر رایگەیاند ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبوونەوەی باشمان ئەنجام دا و داوامان لە پارتی و یەكێتی كرد یەكڕیزی هەرێمی كوردستان بپارێزن.


برێت مەكگۆرك لە پۆستێكی (تویتەر)دا نووسیویەتی "گفتوگۆی ئەرێنیمان لەگەڵ هاوڕێ دێرینەكانمان لەنێو پارتی و یەكێتی لە هەولێر ئەنجام دا، داوای یەكڕیزیمان لە هەرێمی كوردستان كردووە".


هەروەها نووسیویەتی "یەكڕیزی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵی سەرەكی هەیە لە لەنێوبردنی تەواوی داعش".


برێت مه‌كگۆرك ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شانده‌ ئه‌مریكییه‌كه‌دا بوو و سه‌ردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد.


ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تۆنی بلینكێن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی ئۆباما بۆ هاوپەیمانیەتی شەڕی دژی داعش و دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ ستێڤن داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، كێن گڕووس كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.


لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سڵاوی سەرۆك ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵ و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كرد و پێزانینی بۆ سەركردایەتیی بارزانی لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكان لە دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو و ڕاشیگەیاند بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگە پێشكەوتنی بەرچاو لە شەڕی دژی داعش بەدەست هاتووە.
Bas News-
Top