پەرلەمانتارێکی پارتی: دەبێت حزبەکان ئاگاداری یارییە مەترسیدارەکەی فەتلاوی بن
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانی حەنان فەتلاوی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئیرادە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ شاری هەڵەبجە. د. پەریوان خەیلانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: “حەنان فەتلاوی بۆ سەردانی شاری سلێمانی دەکات؟ بۆ ناچێت وەڵامی بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان بداتەوە؟ لە کاتێکدا خەڵک باش دەزانێت کە فەتلاوی چ یارییەکی خراپ لەنێوان حزبەکاندا دەکات”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “فەتلاوی بیرکردنەوەی وایە، هەر کەسێک لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان بێت، ئەو لە دژی دەوەستێتەوە، ئێستاش بۆ چەندین جارە ئاگادارین کە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا کۆبووەتەوە”. گوتیشی: "کەسانی وەک فەتلاوی و گرووپێکی هاوشێوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستیان کردووە بە پیلان لە دژی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت گۆڕان و یەکێتی باش ئاگادار بن لەو یارییە مەترسیدارانەی کە گرووپی فەتلاوی لەناو لیستە کوردییەکاندا ئەنجامی دەدەن.
باسنیوز
