گۆڕان لەبارەی چەند پرسێك بڕیار دەدات

گۆڕان لەبارەی چەند پرسێك بڕیار دەدات
رۆژی شەممە 27-8-2016، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و دوای راگۆڕینەوە و شەنوكەوكردن، لەسەر چەند پرس و بابەتێک بڕیار دەدات.

زمناکۆ جەلال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی دەبێت و تێیدا سەرجەم پرسە سیاسی و ئیدارییەکانی نێوخۆی بزووتنەوەکە و کوردستان و عێراق تاووتوێ دەکەین، دوای سەرنج و راگۆڕینەوە، ئەوەندەی پێویست بکات، هەڵوێست و بڕیاری خۆمان رادەگەیێنین".

لەبارەی وردەکاریی تەوەرەکانەوە، زمناکۆ جەلال گوتی "رێککەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یەکێتی هەڵدەسەنگێنین و پاشان لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستە تەواوکراوەکان و ئەوانەشی کە ماون راو سەرنجی ئەندامانی جڤات وەردەگیرێ، لە کۆتا تەوەریشدا دۆخی سیاسی و دارایی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق شەنوکەو دەکەین".

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دوو مانگ جارێک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و، لە کۆبوونەوەکاندا پرسی نێوخۆیی حیزب و هەرێمی کوردستان و عێراق تاووتوێ دەکرێن.
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان:

-جڤاتی نیشتمانی دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی و میدیایی بزووتنەوەی گۆڕانە.

- لە 60 ئەندام پێكدێت.

- بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دوو هەڵبژاردندا.

ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانی:

- سەرپەرشتیكردنی هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی گۆڕان.

- چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای هەموو ئاستەكانی پەیكەرەی رێكخراوەیی بزووتنەوەكه.

- دانانی نەخشەڕێگا بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان.

- رێكخستنی پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستانی، عێراقی، ناوچەیی، نێودەوڵەتی لەگەڵ حیزب و رێكخراوە سیاسییەكان.

- چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای فراكسیۆنەكانی گۆڕان و ئەدای ئەندامەكانی.

- ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی كوردستان و هەر هەڵبژاردنێكی دیكە.

- ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان.

پێكهاتەی جڤاتی نیشتمانی

- ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.

- باژێڕوان و ئەندامانی تەواوكار

- سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

- رێكخەری ژوورەكان.

- نوێنەری ئەنجوومەنەكانی رەوەندی كوردی لە هەندەران.

- نوێنەری كاروباری رێكخراوەیی ئافرەتان.

كۆبوونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی

- جڤاتی نیشتمانی لە هەلومەرجی ئاسایی دا دوو مانگ جارێك كۆدەبێتەوە.

- لە كاتی پێویست دا، لە سەر داوای رێكخەری گشتی یان سێیەكی ئەندامەكانی كۆدەبێتەوە .

- ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، 10 رۆژ بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەی ئاسایی، لە بەرنامە و كات و شوێنی كۆبوونەوەكە ئاگاداردەكرێن. لەكاتی ئامادەنەبوونی ئەندامێكی جڤاتدا، نوێنەرێكی ئۆرگانەكە رادەسپێرێت بەشداربێت.

- دەنگدان لە كۆبوونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی دا، بە پێی بابەتەكان، ئەشێ بە ئاشكرا یان بە نهێنی بێ. بە زۆرینەی سادە بڕیار دەدرێ.
Top