داعش پێنج دیلی كورد شەهید دەكات

داعش پێنج دیلی كورد شەهید دەكات
گرووپی داعش لەڕێگەی پێنج منداڵی نەتەوە جیاوازەوە، پێنج دیلی كورد لە رەققە بەشێوەیەكی دڕندانە شەهید دەكات.

رۆژی هەینی 26-8-2016، داعش ڤیدیۆی شەهیدكردنی پێنج دیلی كوردی بڵاوكردەوە. دیلەكان لەلایەن پێنج منداڵی نەتەوە جیاوازەوە بە دەمانچە شەهید دەكرێن، بەپێی ڤیدیۆكە یەكێك لە منداڵە بكوژەكان كوردە.

داعش جگە لەوەی ئاماژەی بەوە كردووە دیلەكان كوردن و لە رەققە شەهیدكراون، هیچ زانیارییەكی دیكەی لەبارەی دیلەكان بڵاونەكردووەتەوە و، باسی لەوەش نەكردووە دیلەكان خەڵكی كام بەشی كوردستانن و، كەی و لەكوێ گیراون.

ئەمە یەكەم كاری لەوشێوەیەی داعش نییە و، پێشتریش چەندجارێكی دیكە داعش بەدیلگیراوانی كوردی بەشێوازی جۆراوجۆر شەهیدكردوون.

ماوەیەكە داعش لە زۆربەی بەرەکانی شەڕ روو لە شکستە، بۆیە دەستی بە جێبەجێكردنی پیلانێكی نوێ كردووە ئەویش ئەنجامدانی چالاكی و هێرشی خۆكوژیییە لەڕێگەی منداڵانەوە.

داعش لەمێژە پیلانەکەی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە نەوەی نوێ پێدەگەیێنێ، كە بریتییە لە راهێنانی جەستەیی بە منداڵان و مێشک شووشتنەوەیان، پاشان راهێنان لەسەر ئەنجامدانی چالاکی چەكداری و خۆتەقاندنەوە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا داعشێکی تەمەن 12 بۆ 14 ساڵ لە شاری دیلۆكی باکووری کوردستان لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری خۆی تەقاندەوە و زیاتر لە 50 کەسی شەهیدكرد. هەروەها منداڵێکی دیکەی 12 بۆ 13 ساڵ بە جلوبەرگی مێسییەوە هەوڵیدا لە کەرکووک خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكان دەستگیركرا.

رووداو لەبەر رەچاوكردنی هەست و سۆزی هاونیشتمانیان و وەك پابەندبوون بە ئیتیكی رۆژنامەڤانی ڤیدیۆكە بڵاوناكاتەوە.
Top