ئه‌ڵمانیا درێژە بەناردنی چەك بۆ پێشمه‌رگه دەدات
حكومەتی ئه‌ڵمانیا هه‌زار و 500 تفه‌نگ، یەك ملیۆن فیشه‌ك، 100 مووشه‌كی دژه تانك و سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی دیكه‌ی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نارد. بەمەش درێژەی بەپرۆسەی ناردنی بۆ هەرێمی كوردستان دایەوە.
بەپێی روونكردنه‌وه‌یەکی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌ڵمانیا، ئه‌و وڵاته هه‌زار و 500 تفه‌نگ، ملیۆنێك فیشه‌ك، 100 مووشه‌كی دژه تانك و سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی دیكه‌ی له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ناردووه. بەمەش ئه‌ڵمانیا بەردەوامی دەدا بە پشتیوانیکردن لە شەڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.
له ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه کراوە، سه‌ربازە ئەڵمانییەکان و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاودێریی پرۆسه‌ی راده‌ستكردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانیان كردووه و جه‌ختیش لەوە كراوه‌ته‌وه رێگریكردن له گه‌یشتنی ئه‌و چه‌كانه به لایه‌نی سێیه‌م، به‌رپرسیارێتیی هه‌رێمی كوردستانه.
له مانگی ئابی 2014دا حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا بڕیاری ناردنی هاوكاریی سه‌ربازیی بۆ هه‌رێمی كوردستان دا و له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا به‌چه‌ند به‌شێكی جیاواز نزیكه‌ی 12 هه‌زار تفه‌نگی جۆری G3، هه‌شت هه‌زار تفه‌نگی G36، هه‌شت هه‌زار ده‌مانچه‌ی جۆری P-1، چه‌كی دژه تانكی جۆری میلان 60 دانه و ژماره‌یه‌ك ئوتومبێلی زرێپۆشی جۆری DINGO و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی دیكه‌ی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ناردووه.
