گەشتوگوزار، پلانی هێنانی گەشتیاری بۆ ڕۆژانی جەژن داڕشت

گەشتوگوزار، پلانی هێنانی گەشتیاری بۆ ڕۆژانی جەژن داڕشت
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، گەشتوگوزاری هەرێم ئامادەكاری بۆ هێنانی گەشتیار بۆ ڕۆژانی جەژن دەكات و، بۆ ئەو مەبەستەیش ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە نێوان بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا بەرێوە چوو و چەندین بڕیاری گرینگ دران.

(نادر رۆستی)، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە شێوەی ڤیدیۆ دوێنێ كۆنفڕانس و كۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و گەرمیان) بە سەرپەرشتیی دەستەی گەشتوگوزار كرا، لە كۆبوونەوەكەدا سەرجەم بەڕێوەبەرانی دیوانی دەستە و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە شارەكانی خۆیان لە رێگەی هێڵی ئینتەرنێت بە ڤیدیۆكۆنفرانس ئامادە بوون".

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك بابەتی گرینگ بۆپێشخستنی گەشتوگوزار باس كران و چەند رێنماییەك بۆ چارەكردنی گرفتەكان و پێشخستنی كەرتی گەشتیاری دەركران، یەكەم: گرینگی بە هێنانی گەشتیار لە رێگای گرووپی گەشتیارییەوە بدرێت، دووەم: گرینگیی زیاتر بە بابەتی بەبازاڕكردنی گەشتیاری بدرێت، سێیەم: ئامادەكاری بكرێت بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا٬ بۆئەم مەبەستەیش هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانەكان بكرێ، چوارەم: گرینگی بە دەستنیشانكردنی فەرمانبەری لێهاتوو بدرێت كە خاوەنی داهێنان و بیرۆكە بێت و تاكو لە 27/9 خەڵات بكرێت، پێنجەم: پۆلینی و پشكنینی بنكەكانی گەشتیاری بە شێوەی ئەلیكترۆنی بكرێت، شەشەم: هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی پلانی ٢.١٦ بكرێت و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و كەموكورتی دەستنیشان بكرێ، حەوتەمیش: بەدواداچوون بۆ كۆمپانیاكانی گەشتیاری بكرێت، ئەو كۆمپانیایەی گەشتیار بۆ كوردستان نەهێنێت، بڕی ٤ ملیۆن رسوماتی لێ وەربگیرێت، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی گەشتیار بێنێت، زۆر هاوكاری بكرێ و تەنیا ٥٠ بۆ ٧٠ هەزار رسوماتی لێ وەربگیرێ".








KDP
Top