سازكردنی یەكەمین كۆنفرانسی پزیشكی بۆ چارەسەری نەزۆركی و منداڵانی بلووری لە سلێمانی
سەرەتا دكتۆر ئەحمەد حوسێن كە یەكێك بوو لە ئامادەكارانی كۆنفرانسەكە وتەیەكی بەخێرهاتنی پێشكەش كرد و پێویستیی هاووڵاتیان بۆ چارەسەری نەزۆركی و منداڵبوون بە چەندین رێگەی زانستی و پزیشكیی نوێ و چۆنیەتیی رێڕەوكردنی لەگەڵ وڵاتە پێشكەوتووەكان خستە روو.
لە درێژەی قسەكانیدا حوسێن گوتی: زاڵبوون بەسەر ئەو دیاردەیە سەركەوتنێكی زانستییە بەسەر ئەو كاریگەرییە دەروونییە خراپەی كە هەردوو هاوسەر پێیدا تێپەڕ دەبن، بۆیە دامەزراندنی دەزگایەكی پزیشكیی پێشكەوتوو بۆ چارەسەركردنی نەزۆكی بە رێگە زانستییە نوێیەكان لەسەر ئاستی جیهاندا لە شاری سلێانی بە نوێترین ئامێری سەردەم و بە سەرپەرشتیی تیمێكی پزیشكی تێكەڵ لە ئوردنی و عێراقی پیشەگەر كارێكە جێگەی دڵخۆشییە,
لە كۆنفرانسەكەدا لە لایەن پزیشكانەوە شرۆڤەیەكی تەواو بۆ تێگەیشتنی هاوسەران كرا ئەوانەی منداڵیان نابێ لە رێگەی كوتانی میكرۆسكۆبی و كوتانی دەستكرد و منداڵبوون لە رێگەی بلوور و رێژەی سەركەوتنی ئەو رێگەیە نوێیە لەسەر ئاستی عێراقدا خرایە روو.
پاشان پسپۆڕی ئوردنی دكتۆر محەمەد كەریم شارەزا لە بواری نەزۆركی و تایبەتمەند لە منداڵانی بلووری بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دوا و گوتی: حاڵەتە بێهیواكان دڵنیا دەكەینەوە كە ئێستا چارەسەریان لە سلێمانیدا هەیە و پێویستە هاوسەران خۆیان پشتگوێ نەخەن و بێهیوا نەبن و سەردانیمان بكەن.
لە لای خۆیەوە دكتۆرە ژیان ئەحمەد تایبەتمەند لە بواری نەزۆكی و یەكێك لە تیمی نەخۆشخانەی ئینتەرناشناڵ رای گەیاند، لە رابردوودا بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەزۆكی هەردوو هاوسەر سەردانی وڵاتانی دەرەوەیان دەكرد و بڕە پارەیەكی زۆریان سەرف دەكرد، بەڵام بە هۆی بوونی نەخۆشخانەی ئینتەرناشناڵ ئو پارەیە گەڕاندراوەتەوە گیرفانی هاووڵاتیی عێراقی و رێژەی سەركەوتنی ئەو نەشتەرگەرییەش هاوشێوەی وڵاتانای دراوسێیە كە بە چەندین ساڵ لەو بوارەدا لە پێش ئێمەوەدان.
جێی باسە بەستنی ئەو جۆرە كۆنفرانسە لە لاەن نەخۆشخانەی ئینتەرناشناڵ یەكەمە لەو جۆرەدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و سەرجەم شارەكانی دیكەی عێراق بۆ خستنە رووی چۆنیەتیی زاڵبوون بەسەر نەزۆكی بە رێگەی زانستی و پزیشكیی پێشكەوتوو لە رێگەی كوتانی دەستكرد. رێژەی سەركەوتنەكەیشی بە هۆی ئامێرە پێشكەوتووەكانە شانبەشانی وڵاتە پێشكەوتووەكان بە بوونی تیمێكی پزیشكیی پیشەگەر. كۆنفرانسەكەش بووە مایەی دڵۆخشیی ئامادەبووان.
ئا: خەلیل بلەیی
