شێخ شامۆ، پیاوانی ئایینی ئێزدی دەداتە بەر ڕەخنە.. لە خەم پاشەڕۆژی ئێزدیاندا نین

شێخ شامۆ، پیاوانی ئایینی ئێزدی دەداتە بەر ڕەخنە.. لە خەم پاشەڕۆژی ئێزدیاندا نین
نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، پێویستە پیاوە ئایینییەكانی كوردانی ئێزدی، هاوشێوەی مەسیحییەكان پەیامێكی ڕوونیان هەبێت بۆ ئامۆژگاریكردنی كوردانی ئێزدی لەبارەی كۆچكردن و بەرگریكردن لە خاكی خۆیان و چوونەناو ریزەكانی پێشمەرگەوە، لەبەر ئەوەی پاشەڕۆژی كوردانی ئێزدی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندایە.

(شێخ شامۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "باتریاركی هەردوو پێكهاتەی كلدانی و سریانی ئامۆژگاریی خەڵكی خۆیان دەكەن كە لەسەر خاكی خۆیان بمینێن و گرینگی بە پیرۆزیی خۆیان بدەن و وڵاتی خۆیان بەجێ نەهێڵن، داوایش لە (سەرۆك بارزانی) دەكەن ناوچەكانیان ئازاد بكرێن بە تایبەت پاتریاركی كلدانی باسی لەوە كردووە ئەگەر ئێوە دەتانەوێت بەرگری لە خاك و خۆتان بكەن، بچنە ناو هێزی پێشمەرگەوە و نەچنە ناو هێزە ناشەرعییەكانی عێراقەوە، هەڵبەتە ئەمە بەراورد بە پیاوە ئایینییەكانی كوردانی ئێزدی دەریدەخات، هیی ئێمە لاوازن و لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا نین كە ئامۆژگاریی خەڵك بكەن".

(شێخ شامۆ) گوتیشی: "پێویست بوو میر و بابەشێخ و ئەنجوومەنی رۆحانی، ئامۆژگاریی خەڵكی بكەن كە لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت و پاشەڕۆژی باشیان هەبێت، لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا پەیامیان لەبارەی كۆچكردنی كوردانی ئێزدییەوە ڕوون نییە و جورئەتی ئەوە ناكەن بەو خەڵكە بڵێن ئەگەر خاك و پیرۆزیی خۆتان جێ بهێڵن، دواڕۆژتان ڕوون نابێت".

دەشڵێت، پێویست بوو هاوشێوەی برا مەسیحییەكان پیاوە ئایینییەكانی ئێزدی بە ئەرك و بەرپرسیارەتیی خۆیان هەڵسن و پەیامی خۆیان بگەیێنن، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانیوە ئەو كارە بكەن و لەجیاتی ئەوەی خەڵك ئامۆژگاری بكەن كۆچ نەكەن، پێش ئەوان كۆچ دەكەن.

نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان ده‌شڵێت، ناكرێت بەو شێوەیە بێدەنگ بن و پێویستە پەیامیان هەبێت، بۆ نموونە ئەوانەی دەچنە نێو ریزەكانی پەكەكەوە ئایا چ پاشەڕۆژێكیان دەبێت و چ سوودێكی دەبێت، بەڵام گەر ئامۆژگاریان بكەن بچنە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگە چاکترە و ڕاستترە، ئاخر پاشەڕۆژی ئێوە په‌یوه‌سته‌ بە هەرێمی كوردستانەوە، لەبەر ئەوەی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە هیچ شوێنێكدا نییە.










KDP
Top