پیاوێك خۆی دەخنكێنێ‌

پیاوێك خۆی دەخنكێنێ‌
پیاوێكی دانیشتووی هەولێر لە نێو ماڵەكەی خۆیدا لەڕێگەی خۆهەڵواسین بە پەتێكەوە خۆی خنكاند. برایەكی ئەو پیاوە دەڵێت براكەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە و بەردەوام دەرمانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی بەكارهێناوە، بەڵام لەو باوەڕەدا نەبوون خۆی بخنكێنێ‌.

ئیسماعیل عەزیز، تەمەن 46 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی بەهاری نوێَ لە شاری هەولێر كە خاوەنی شەش منداڵ بوو، شەوی 25/5/2016 بە پەت خۆی خنكاند. نەقیب هۆگر عەزیز گوتەبێژی بەڕێَوەبەرایەتی پۆلیسی پارێَزگای هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو پیاوە بە گوتەی كەسوكاری نەخۆشیی دەروونی هەبووە، بۆیە خۆی خنكاندووە و لێكۆڵینەوەش لەڕووداوەكە بەردەوامە.

هاوسێیەكی ماڵی ئەو پیاوە كە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا چووەتە سەر تەرمی ئیسماعیل، بە (رووداو)ی گوت ئەو كاتەی پیاوەكە خۆی خنكاندووە ژن و منداڵەكانی لە ماڵی خوشكێكی پیاوەكە بوون و گوتی "لەو كاتەدا كەسیان لە ماڵەوە نەبووە، كوڕێكی مێرمنداڵی هاتووەتەوە كە سەیری كردووە كەس لە ماڵەوە نییە، بەڵام كاتێك چووەتە نهۆمی دووەمی خانووەكەیان بینیویەتی باوكی بە پەتێكەوە شۆڕ بووەتەوە و خۆی خنكاندووە، ئەویش هاواری بۆ دراوسێكانی بردووە".

ئیسماعیل كورسییەكی لەژێر پێی خۆی داناوە و دوو بالیفیشی خستووەتە سەر، پاشان پەتێكی بە شیشی پانكەی ژوورەكەدا هەڵواسیوە و بەهۆی ئەو پەتەوە خۆی خنكاندووە.

دراوسێكەی ئیسماعیل زۆر پەسنی ئەو پیاوەی دا و گوتی "لە نزیكەوە دەمناسی، كێشەی خێزانی و دارایی نەبوو. كەسێكی كاسبكار بوو، دەستگێڕ بوو، بەڵام ئەوەندەی بزانم نەخۆشیی دەروونی هەبوو، جاروباریش بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە تووشی پەركەم دەبوو، بۆیە پێدەچێ هەر لەبەر ئەو نەخۆشییە خۆی كوشتبێ‌".

نەجمەدین عەزیز، برای ئیسماعیل پشتڕاستی كردەوە كە براكەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە. نەجمەدین بە (رووداو)ی گوت "براكەم نزیكەی 17 ساڵ بوو تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو بوو، بەردەوام سەردانی پزیشكی دەكرد و دەرمانی هەبوو". گوتیشی "براكەم زۆر حەزی لە شوێنی قەرەباڵغ نەبوو، پزیشكیش رێنمایی كردبوو كە زۆر نەچێتە شوێنی قەرەباڵغ، تەنانەت كە لە مەجلیسێكیش دادەنیشت زۆر ئاگای لە مەجلیسەكە نەبوو، هەمیشە دەیگوت نازانم باسی چی دەكەن، ئاگام لە كەستان نییە".

نەجمەددین دەڵێت براكەی تەواو شپرزە ببوو بەدەست نەخۆشییەكەیەوە، بەڵام قەت لەو باوەڕەدا نەبوون خۆی بخنكێنێ‌. نەجمەددین گوتی "نەخۆشییەكەی تەواو تەنگی پێهەڵچنیبوو، تا وای لێكردبوو هیوای بە ژیان نەمێنێت، زۆرجار دەیگوت ئاگام لەم دنیایە نەماوە و بێزار بووم و قەت چاك نابمەوە، رۆژانەش نزیكەی چوار تا پێنج حەبی دەخوارد".

بەپێی ئاماری پۆلیسی هەولێر، لە ساڵی رابردوودا 50 پیاو خۆیان كوشتووە، بەڵام جۆری خۆكوشتنەكەیان روون نەكراوەتەوە. بە گوتەی نەقیب هۆگریش لە ماوەی ئەمساڵدا لە سنووری شاری هەولێر، سێ پیاو خۆیان خنكاندووە كە دوویان پێشمەرگە بوون.



رووداو
Top