سەرکردەیەکی یەکێتی: دەمانەوێت ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بەردەوام بێت
مستەفا چاوڕەش، ئەندامى سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: "لیستى هاوبەشى گۆڕان و یەکێتى تەنها قسەی میدیاکانە و تائێستا لەنێو سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسیی یەکێتى باسی ئەوە نەکراوە کە گۆڕان و یەکێتى لیستێکى هاوبەشیان هەبێت، یاخود گۆڕان و یەکێتى بۆ هەڵبژاردنەکانى ئایندەى کوردستان, پێکەوە بەشداریى هەڵبژاردن بکەن”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوەی دووپات کردەوە کە ئەوان نایانەوێت پارتی نیگەران بکەن و گوتی: “لەگەڵ پارتى دیموکراتیى کوردستان، ڕێککەوتنی ستراتیژیمان هەیە، دەمانەوێت ئەو ڕێککەوتنە وەکوو خۆی بمێنێتەوە، باشترین ڕێگا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە هەموومان پێکەوە تەواوى برینەکان ساڕێژ بکەین”. ڕوونیشی کردەوە کە ڕێککەونەکەی گۆڕان و یەکێتی بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو حزبەکە نییە، ئەوەش ناشارێتەوە کە “ئاساییە ئەگەر لەگەڵ گۆڕاندا یەک بگرینەوە، چونکە لەم قۆناغەی ئێستادا لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە گشتی کارێکی باش و گونجاوە”.
(باسنیوز)
