فراكسیۆنی پارتی: گەورەكردنی پرسی لامەركەزییەت، بۆ موزایەدەی سیاسییە

فراكسیۆنی پارتی: گەورەكردنی پرسی لامەركەزییەت، بۆ موزایەدەی سیاسییە
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، پرسی لامەركەزییەتی پارێزگاكان، بووەتە هەڵمەتێكی فراوانی راگەیاندن، ئەمەیش بۆ موزایەدەی سیاسی و حیزبایەتییە، ئەگەرنا كەس دژی لامەركەزییەت نییە و، لەپەرلەمانیش یاسای بۆ دەركراوە.

(زیاد كاكە رەزا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەپێی یاسای ژمارە ٣ هەڵبژێردراون و، ئەم یاسایە ساڵی ٢٠٠٩ لە پەرلەمان دەرچووە و پارتی و یەكێتییش دەنگیان بەو یاسایە داوە، ئێستایش حكوومەت هیچ بڕیارێكی دەرنەكردووە باس لەوە بكات لەگەڵ لامەركەزییەتدا نین و، ئەو بڕیارەیش دەرچووە بۆ باشتر جێبەجێكردنی ئیشوكاری هاووڵاتیان، نەهێشتنی رۆتینیات و كەمكردنەوەی گەندەڵی، بۆیە هەموومان لەگەڵ لامەركەزییەتداین".

(كاكە رەزا) گوتیشی، هەڵمەتێكی گەورەی راگەیاندن لەسەر ئەو پرسە دەست پێ كراوە، كە ئەمەیش بۆ موزایەدەی سیاسی و حیزبایەتییە و هیچی تر نییە، چونكە كەس نەیگوتووە دژی لامەركەزیەتین.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی دەشڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دژایەتیی ئەو یاسایەی نەكردووە و، ئەگەر هەمواریش بكرێتەوە، پێویستە پەرلەمان بیكات، چونكە یاساكە لە پەرلەمان دەرچووە.











KDP
Top